سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند، کە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا سەرەڕای گرتنەبەری ڕێکاری نایاسایی نەیانتوانی کۆببنەوە، بۆیە پێویستیان بە ئێمەیە، ئێمەش تاوەکو ڕێککەوتنێکی تازەی سیاسی نەکرێت بەشداری ھیچ کۆبوونەوەیەک ناکەین.
ئەحمەد کیکی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، بە ئاژانسی هەواڵی زاگرۆسی راگەیاند: ھەموو ھەوڵێک درا بۆ ئەوەی نیسابی یاسایی کۆبوونەوەی ئەنجوومەن تەواو بکرێت و کۆبوونەوە ئەنجام بدەن، بەڵام تەنیا ١٣ ئەندام ئامادەبوون، لە کاتێکدا پێویستە ١٦ ئەندام ئامادەبن، بۆیە نەتواندرا کۆبوونەوە بکەن، ھەر چەندە ھەڕەشەیان لە ئەندامانی ئامادەنەبوو کرد، لە ئەگەری ئامادەنەبوونیان کەسانی دیکە لە شوێنیان دادەنرێت بەڵام ئەوە ناکرێت، چونکە ئەو ئەندامانە خەڵک دەنگی پێداون، ناتوانن لایان بدەن.
هەروەها ئەحمەد کیکی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس خستەروو، کە ئێمەش بە دوو مەرج لە کۆبوونەوە ئامادە دەبین، یەکەمیان لادانی سەرۆکی ئەنجوومەن و جێگرەکەی، دووەمیش ڕێککەوتنێکی نوێی سیاسی بکرێت، بۆیە ئێستا ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا پەکی کەوتووە و ناتوانن کۆببنەوە، بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبووەوەکان پێویستیان بە ئێمەیە.
رێباز یونس