zagros news agency

مەسرور بارزانی: پێشتر بەهۆی ڕێگرییەكان جووتسایدی هەولێر – كۆیە نەكراوە

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 10/10/2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی جووتسایدی هەولێر – کۆیە، وتارێكی پێشكەش كرد و لە بەشێكیدا گوتی: “دوای دوو هەفتە ئەمڕۆ بەڵێنەكەمان جێبەجێ دەكەین و بەردی بناغەی جووتسایدی هەولێر – كۆیە دادەنێین و ڕێگەکە دەتوانێت یارمەتیدەرێکی زۆر بێت بۆ بەستنەوەی شاری کۆیە، تەقتەق و دەوروبەری بە هەولێری پایتەخت و دەبێتە بەشێکی سەرەکی لە بەستنەوەی هەولێر بە سلێمانی.”

سەرۆکی حکوومەت باسی لەوەش کرد: “ئێمە بەرنامە و پلانی زۆرمان هەبووە بۆ دروستکردنی تۆڕێکی باشی ڕێگەکان بۆ بەستنەوەی هەموو شارەکان بە یەکترەوە و وردە وردە خەریکین ئەو پلانە جێبەجێ دەکەین.”

گوتیشی: “خەڵكی كۆیە شایەنی ئەوەن خزمەت و پڕۆژەی زیاتر بكرێن، پێشتر لە كابینەكانی پێشووی حكوومەت، بەهۆی ڕێگرییەكان جووتسایدی هەولێر – كۆیە نەكراوە، هیوادارین ڕێگرییەكان نەمێنن بۆ ئەوەی دەستی ئاوەدانی بگاتە هەموو كوردستان.”

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەش دا: “هیوادارین شۆفێران دوای كردنەوەی شەقامەكە، سەرپێچی لە ڕێنماییەكان نەكەن.”

بەپێی زانیارییەكان، شەقامی جووتسایدی هەولێر – كۆیە 32 مەتر پان دەبێت، بە باشترین دیزاین و كوالێتیی سەردەمیانە دروست دەكرێت، پڕۆژەكەش لەلایەن كۆمپانیای ئەوزەن دروست دەكرێت.

هەر لە جووتسایدەكەدا، پردێك بە درێژیی 250 مەتر دروست دەكرێت، پێنج ئۆڤەرپاسیش دروست دەكرێن و ناوچە سەرەكییەكانی نزیك شەقامەكە پێكەوە دەبەستێتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزینی تۆمارکرد

سەڵاح

خولی ئەڵمانیا.. لیڤەرکوزن گۆڵبارانی فرایبۆرگی کرد

یاسین

ڕۆژی هەینی مووچەی مانگی ئاب دابەش دەکرێت.

دڵشاد