ئاژانسی هەواڵی “ئیلنا”، ئاژانسی نیوەفەرمیی ئێران، لە زمان “محەمەد جەواد عەسگەری” سەرۆکی کۆمسیۆنی کشتوکاڵی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران، بڵاوی کردەوە: ” ئێستا نزیکەی ٥٠٠ ملیۆن کەس لە دەرودراوسێکانی ئێران کەیفیان بە بەرهەمە کشتوکاڵیەکانی ئێران دێت، بەڵام ئەگەر ئەم بەرهەمانە باش نەبن و کەشی پێویست بۆ بەرهەمهێنان ئاماد نەکرێت، ناتوانین ئەم بەرهەمانە هەناردە بکەین.”
محەمەد جەواد عەسگەری، گوتی: “سێ مانگ لەمەوبەر سەردانی ئیمارات، عێراق و قەتەرم کرد و هەستم کرد کڕیارانمان بە تایبەت لە بواری میوە و سەوزەوات و میوەی وشکەوەکراو (وشکەبار) لە دەست دەەدەین.
سەرۆکی کۆمسیۆنی کشتوکاڵی مەجلیسی ئێران دەڵیت: “ڕێگەی هەناردەکردن زۆر لەبارە، بەڵام تەمایەکی لەناکاو هەمووشتێک تێکدەدات و تەنانەت ئەوانەی هاندەرێکیشیان بۆ هەناردەکردن هەیە و لەم بارەیەوە خەریکی وەبەرهێنان لە خولیای خۆیان پاشگەز دەبنەوە.
لەکاتێدا ئەم نوێنەرەی مەجلیسی ئێران، ڕاستەوخۆ نەپەرژاوتە سەر بایکۆتکردنی کاڵای ئێرانی لە لایەن ژووری بازرگانیی هەولێر و بەشیک لە بازرگانانی عێراقییەوە، بەڵام ناڕاستەوخۆ باس لە تەماگرتنی لەناکاوی ئەو لایەنانە دەکات کاریگەریی نەرێنیان لەسەر هەناردە کردنی ئەم وڵاتە دەبێت.
ژووری بازرگانیی هەولێر دوای هێرشی مووشەکیی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر خەڵکی سڤیلی هەولێر داوای کرد هاوردەی کاڵای ئێرانی بایکۆت بکرێت.
سەرۆکی کۆمسیۆنی کشتوکاڵی مەجلیسی ئێران لە درێژەی لێدوان بۆ ئاژانسی ئیلنا دەڵێت: “بەم هەلومەرجەی ئێستا بازاڕان لە دەست دەدەین و خەڵکی دیکە جێگەمان دەگرنەوە. ئێستا تورکیا لە عیراق خەریکە زۆر بە ئاسانی لەم بوارەوە جێگەی ئێران دەگرێتەوە و تەنانە سعوودیەش لە بەرهەمهێنانی بەروبوومی کشتوکاڵی بازاڕەکان داگیر دەکات و ئەمەش بۆ ئێمە مەترسییە.