zagros news agency

ئەمەریکا رێگه‌ به‌ به‌شداریكردنی حزبوڵا لە حکومەتی داهاتووی لوبنان نادات

 

جێگری نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مۆرگن ئۆرتاگوس ڕۆژی هەینی لە لوبنان وتی ئەمەریکا ” هێڵێکی سووری ” داناوە لەسەر ئەوەی کە گروپی چەکداریی حزبوڵای شیعە نابێت بەشداری لە حکومەتی دواتری لوبناندا بکات، ئەوەش دوای شکستە سەربازییەکەی ساڵی ڕابردووی بەرامبەر ئیسڕائیل.

ئۆرتاگوس یەکەم بەرپرسی باڵای ئەمەریکایە سەردانی لوبنان بکات لە دوای دەستبەکاربوونی سەرۆک دانۆڵد ترامپەوە و لە دوای ئەوەشەوە کە جۆزیف عەون وەکو سەرۆکی لوبنان هەڵبژێردرا.

سەردانەکەی ئۆرتاگوس لە کاتێکدایە کە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت لە لوبنان چەقی بەستووە، لە کاتێکدا کە پۆستەکانی حکومەت لەسەر هێڵی تائیفی دابەش دەکرێن. حزبی ئەمەلی هاوپەیمانی حزبوڵا سوور بووە لەسەر پەسەندکردنی سەرجەم وەزیرە شیعەکان، ئەوەش وایکردووە پڕۆسەکە چەق ببەستێت.

دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی لوبناندا، ئۆرتاگوس وتی ” لە حزبوڵا ناترسێت چونکە لە ڕووی سەربازییەوە شکستییان هێناوە.” ئەوەش وەکو ئاماژەیەک لەسەر شەڕەکەی ساڵی ڕابردووی نێوان ئیسڕائیل و حزبوڵا کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی لێدەکرێت.

وتیشی ” هێڵی سووری ڕوون و ئاشکرامان لە ئەمەریکاوە داناوە لەسەر ئەوەی نەتوانن گەلی لوبنان تیرۆر بکەن، بە ئەندامێتیشییانەوە لە حکومەتدا.”

 

voa

هەواڵی پەیوەندیدار

ئیسرائیل هێرشی کردە سەر چەند ناوچەیەکی سەربازی سووریا

سەڵاح

فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەگەڵ سوودانی کۆبوونەوە

یاسین

ئەڵمانیا چالاکییەکانی ناوەندێکی ئیسلامی قەدەغە دەکات

سەڵاح