لەگەڵ پەرەسەندنی هەڕەشەكانی ئەمریكا سەبارەت بە سزا نوێیەکانی سەر بانک و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق، قەیرانێکی دارایی لە ئارادایە کە ڕەنگە دۆخی ئابووریی عێراق بەرەو ئاراستەیەكی دیكە ببات.
ناسر ئەلتەمیمی، شارەزای کاروباری بانکی و دارایی، بۆ پێگەی (بغداد الیوم) قسەی كردووە و دووپاتی کردووەتەوە، “خواستێكی ئەمریکی هەیە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی توند بەرامبەر ژمارەیەک بانک، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نوێی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار و ئاڵۆزکردنی گواستنەوەی دارایی بۆ کەرتی گشتی و تایبەت.”
ئاماژەی بەوەش کردووە: “پێویستە بانکی ناوەندیی عێراق و دەزگاکانی دیکەی حکوومەت بەخێرایی هەنگاو بنێن بۆ ڕێگریکردن لە سەپاندنی هەر سزایەکی نوێ بەسەر هەر یەکێک لە بانکەکانی عێراقدا، هەروەها گەرەنتی بدەنە گەنجینەی ئەمەریکا کە بانكی نێودەوڵەتی دەبێتە چاودێرێکی ڕاستەقینەی ئەو بانکانە و ڕێگری لە هەر جۆرە گواستنەوەیەکی نایاسایی بەپێی پێوەرەکانی پابەندبوونی نێودەوڵەتی دەكات. گەر نا دۆخی ناوخۆی عێراق ڕووبەڕووی ناسەقامگیرییەکی گەورە دەبێت.”
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری ئەو دوو سەرچاوەیەوە بڵاوی کردەوە: “بانکی ناوەندیی عێراق لەسەر داوای وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، ڕێگری لە 5 بانکی ناوخۆیی دەکات کە مامەڵە بە دۆلارەوە بکەن.”
سەرچاوەیەکی فەرمیی حکوومەتی عێراق ئاشکرای کرد، دەزگاکانی حکوومەتی عێراق ئاگادارییەکی فەرمییان پێگەیشتووە سەبارەت بە سەپاندنی سزاکانی ئەمریکا بەسەر بانکە نوێیەکانی عێراق، بەهۆی تێوەگلانیان لە کاری گواستنەوەی دراو به شێوهیهكی نایاسایی لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق.
سهرچاوه عێراقییهكه ڕایگەیاندووە، “دەزگاکانی حکوومەتی عێراق بە فەرمی لەلایهن وهزارهتى گهنجینهى ئەمەریکاوه ئاگادارییەکیان پێگەیشتووە کە وەک قۆناغی یەکەم سزا بەسەر پێنج بانکی عێراقی سهپێندراوه، جگە لە کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕ. سزاكانیش بەهۆی تێوەگلانی بانكه سزادراوهكانه لە پرۆسهى گواستنەوەی نایاسایی، هەروەها تێوەگلانیان لە قاچاخچێتی به دۆلارهوه بۆ لایەنە قەدەغەکراو و سزادراوەکانی ئەمریکا، دیارترینیان کۆماری ئیسلامی ئێرانە”.