ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

ئۆکرانیا و ئەمەریکا لەسەر پێدانی کانزا دەگمەنەکان ڕێککەوتوون

 

ئەمەریکا لەگەڵ ئۆکرانیا نزیک بووەتەوە لەسەر ڕێککەوتنێکی مێژوویی، دەربارەی کانزا دەگمەنەکانی ئۆکرانیا، کە بەهاکەی سەدان ملیار دۆلارە.

سێشەممە، 25-2-2025، ماڵپەڕی “ئەکسیۆس” بڵاوی کردووەتەوە، بەگوێرەی ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکە، ئەمەریکا پابەند دەبێت لە پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئاستەنگە ئەمنییەکان، لە بەرامبەردا دەبێت بگاتەوە ئەو وەبەرهێنانانەی کە پێشتر لە ئۆکرانیا کردوویەتی.

ڕۆژی دووشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە میانەی گفتوگۆی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا گوتی: بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئۆکرانیا لەسەر کانزا دەگمەنەکان زۆر نزیک بووینەتەوە.

پێشتر حکوومەتی ئۆکرانیا دووپاتی کردبووەوە، دانووستانەکان لەگەڵ ئەمەریکا لەسەر پیدانی کانزا دەگمەنەکان بەرامبەر پاراستنیان، گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی.

پێشبینی دەکرێت، بەم زووانە ڕێککەوتنەکە ئیمزا بکرێت، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێز کردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا، لەبوارەکانی پشتیوانی ئابووری ئۆکرانیا و هاریکاری سەربازی.

واشنتن هیواخوازە ئەم ڕێککەوتنە، یارمەتیدەر بێت بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو پارە و کەرەستە سەربازییانەی لە سەرەتای شەڕی ڕووسیاوە بۆ ئۆکرانیا نێردراوە، لە هەمان کاتدا دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ئابووری ئۆکرانیا.

بەپێی زانیارییەکان، ڕێککەوتنەکە دامەزراندنی “سندووقی وەبەرهێنانی ئاوەدانکردنەوە” لەخۆدەگرێت، کە تێیدا بڕە پارەیەکی زۆر لە پڕۆژەکاندا وەبەردەهێنرێت لەوانە کانزا سرووشتییەکان و بەندەرەکان، هەروەها پڕۆژەکانی دیکە کە ئامانجیان بەهێزکردنی سەقامگیری ئابووری ئۆکرانیایە.

لە ڕەشنووسەکەدا بەڵێنی سەربازی ڕاستەوخۆی ئەمەریکا دیاری نەکراوە، بەڵام ئامانجی سەرەکی ئەوەیە کە ئۆکرانیا لە بەرامبەر هەڕەشە دەرەکییەکان بپارێزرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

وەزیری دەرەوە تورکیا سه‌ردانی ئەمریکا دەکات

سەڵاح

حەیدەر سەلامی: ملکەچنەبوونی میلیشیاکان، وڵات دەکێشێتە ناو شەڕ و ململانێکان

سەڵاح

نێچیرڤان بارزانى و باڵیۆزى نه‌مسا دوایین پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌یان تاوتوێكرد

سەڵاح