لەندەن، شانشینی یەکگرتوو، .www.uk.gov.krd نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ گرووپی دۆستایەتی کوردستان لە پەرلەمانی بەریتانیا بۆنەیەکیان لە پەرلەمانی بەریتانیا سازکرد بۆ یادکردنەوەی ٣٧ ساڵەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و کارهساتی ئەنفال.
لە بۆنەکەدا کە ژمارەیەك پەرلەمانتار و لۆرد و دیبلۆماتکاران و ئەکادیمی و رۆژنامەنووس و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و دیاسپۆرای کوردستان ئامادە بوون، سەرەتا پەرلەمانتار جۆن سلینگەر سەرۆکی گرووپی دۆستایەتی کوردستان لە ووتەیەکیدا ئاماژەی بەوەدا کە بەیەکەوە کۆبووینەتەوە بۆ یادکردنەوەی کارەساتێك کە بەسەر گەلێکی ستەمدیدەدا هاتووە و بوونە قوربانی لهسهر دەستی سەدامی دیکتاتۆر، ووتیشی: “پێویستە ئەوەی کە چەند ساڵێک بوو کە کارمان بۆی دەکرد لەژێر ناونیشانی “جارێکی تر نابێت رووبدات” بگۆڕین، وە لە جیاتی ئەوە هەڵمەتێکی جیهانی تازە دەست پێبکەین بۆ ئەوەی سیستەمێکی نوێ بۆ رێگریگرتن لە روودانی جینۆساید و چۆنیەتی پاراستنی گیانی هاووڵاتیان.”
هاوکات جەختی لەسەر بەردەوامی خۆی و گرروپەکەی پەرلەمان کرەوە بۆ کاری بەردەوام بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و بەریتانیا و کاریگەری دروستکردن بۆ ئەوەی حکومەتی بەریتانیا جینۆسایدی کوردستان بە فەرمی بناسێنێت.
دواتر کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا لە ووتەکەیکیدا سوپاس و پێزانینی ئاراستەی پهرلهمانتار جۆن سلینگەر، سەرۆکی گروپی دۆستایهتی هەرێمی کوردستان کردو ڕایگهیاند ” ئەمڕۆ بە شانازییەکی زۆرەوە لەگەڵ هاوڕێکانمان لە پهرلهمانی بهریتانیا کۆبووینەتهوە بۆ یادی 37 ساڵەی کارهساتی ههڵهبجه، کە بەهۆیەوە پێنج هەزار پیاو و ژن و منداڵ لە سایهی بێدهنگی جیهاندا بونه قوربانی.
ههروهها ووتی که گرنگە جیهان هەرگیز ئەو کارهسات و تاوانه نامرۆڤایهتییهی بەسەر خەڵکی هەڵەبجەدا سەپێنراوە لەبیری نهکات و جێگای خۆیەتی که له پەرلەمانی بهریتانیا میوانداری یادێکی شکۆدای وا بکاتهوه بۆ ڕۆحی هەزاران کەسی مەدەنی بێ تاوانی کورد و لە ئیدانەکردنی ئەو کۆمەڵکوژییەدا دوودڵ نهبێت و به جینۆساید ناساندنی هەموو ئەو تاوانانەی کە دژی میللەتەکەمان ئەنجام دراون دادپەروەرییە بهرامبهر قوربانیان.
هاوکات نوێنهری حکومهت جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە نابێت جیهان تاوانی هەڵەبجە و هەموو ئەو تاوان و کۆمەڵکوژیانەی تریش کە دەرهەق بە گەلی کوردستان ئەنجامدراون، لە یاد بکات لە نێویشیاندا کۆمەڵکوژیەکانی کوردانی فەیلی، بارزانیەکان و هەڵمەتی ئەنفالی بەدناو کە بووە هۆکاری لهناوبرنی ١٨٢ هەزار هاووڵاتی سیڤیل و بێ گوناح.
نوێنهری حکومهتی ههرێم سوپاسی پشتگیرییەکانی حکومەتی بەریتانیای کرد لە قۆناخە جیاکاندا، بە تایبەتیش لە دوای راپەرینی بەهاری ساڵی ١٩٩١، جەختیشی لەسەر بەردەوامیدان بەو پەیوەندیانە کردەوە و ووتی: “سوپاسی پەرلەمانی بەریتانیا دەکەین کە لە ساڵی ٢٠١٣ جینۆسایدی گەلی کوردستان و لە ساڵی ٢٠١٦ تاوانەکانی داعش دژ بە ئێزیدی و پێکهاتەکانی تر بە فەرمی ناساند. ئەمە هەنگاوێکی گرینگە بۆ وەدەستهێنانی دادپەروەری بۆ قورباینیان، وە داواشی لە حکومەتی بەریتانیا کرد بە هەمان شێوە ئەو تاوانانە بە فەرمی بە جینۆساید بناسێنێت.”
دواتر پرۆفیسۆر برایان بریڤاتی شارەزا لە بواری جینۆساید و یاسای نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەدا کەوا بۆ ئەوەی کەیسی جینۆسایدی کوردستان بە یەکجارەکی دابخەین، پێویستە جیهان بە فەرمی ئەو تاوانانە بە جینۆساید بناسێنێت. ووتیشی دەتوانین کاری زیاتر ئەنجام بدەین بۆ ئەوەی ئەو ئاواتە بێتە دی و قوربانیان و رزگاربوانی جینۆسایدی کوردستان هەست بە دڵنەوایی و دادپەروەری بکەن، وە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە بە سزای دادپەروەرانەی خۆیان بگەن.
هاوکات ئاماژەی بەوەدا کەوا “ئەرکی سەر شانی هەموو لایەکمانە کەوا کارەساتی هەڵەبجە و تاوانەکانی تر دەرهەق بە گەلی کوردستان لەیاد نەکەین، چونکە بە یادکردنەوەی ئەو یادەوەریانە دەتوانین کار لەسەر دروستکردنی سیستەمێکی تازەی جیهانی دروست بکەین بۆ رێگەگرتن لە روودانی جینۆساید و پاراستنی گیانی هاووڵاتیان.
دواتر بارۆنێس ئێما نکڵسن سەرۆکی ئەنجومەنی بازرگانی عیراق-بەریتانیا سوپاسی ئامادەبوانی کرد کە لە پەرلەمانی بەریتانیا که یادەوەری ئەو بۆنە دڵتەزێنە دەکەنەوە. ووتیشی هەست و دڵمان لەگەڵ قوربانیان و رزگاربوانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و تاوانەکانی تری ئەنفال و کۆمەڵکوژی ئێزیدیەکانە. ووتیشی:” وەك ئەندامێکی ئەنجومەنی لۆردەکانی بەریتانیا، بەردەوام دەبین لە پشتگیریکردنمان لە قوربانیان و رزگاربوانی جینۆساید لە کوردستان و وەدەستهێنانی دادپەروەری بۆیان. لەوەش گرینگتر کارکردنی بەردەواممانە بۆ رێگە گرتن لە روودانی جینۆساید، هاوکات هێنانی ئەنجامدەران و ئەوانەی کە پاڵپشتیشیان لێکردوون بۆ بەردەم دادگا و قەرەبۆکردنەوەی قوربانیانی ئەو کارەساتانە.
ههر له یادی ٣٧ ساڵهدا دوو لە شایەدحاڵانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بهڕێزان (کامەران نەورۆز و شاهۆ هەڵەبجەیی) کە رزگاربووی کارهساتی کیمیابارانکردنی شاری ههڵهبجهن و خانەوادە و کەس و کاریان قوربانی ئەو کارەساتەن چیرۆکی ناخههژێنی خۆیان و کەس و کاریان لەو رۆژە ترسناك و مهرگهساتییه بۆ ئامادەبوان گێڕایەوە و بووه هۆی ههژاندنی ناخی ئامادهبوان و به ههستێکی پڕ سۆز و شکۆوه گوێبیستی شایهتحاڵان بوون.
لەندەن-پەرلەمانی بەریتانیا
١٧ی ئاداری ٢٠٢٥