ئەمڕۆ لە سلێمانی وەزیری دارایی وئابووری لەگەڵ بەڕێوەبەری بانكەكان و گەنجینەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و ڕاپەڕین كۆ بووەتەوە و لە كۆبوونەوەكەشدا جەخت لەوە كراوەتەوە، كە بەهیچ شێوەیەك نابێت پارەی تەرخانكراوی مووچە بۆ هیچ بوارێكی تر بەكاربهێنرێ.
ئەمڕۆ سێشەممە 18ی 3ی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، كە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ بەڕێوەبەری بانکەکان و گەنجینەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین کۆ بووەتەوە.
ئاماژەی بەوەش داوە، كە لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خراوەتە سەر کێشە و گرفتی هاووڵاتییان و فەرمانگەکان و بەڵێندەران و کۆمپانیاکانی ئەو سنوورە و “جەخت لە لابردنی سەرجەم ئاستەنگەکانی بەردەم بانکەکان کرایەوە.”
لەمبارەیەوەش، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا کە “نابێت لە هیچ بانکێک کێشە و گرفت بۆ هاووڵاتییان و فەرمانگەکان و بەڵێندەران دروست بکرێت، بەپێچەوانەوە هەر کێشەیەکی نەخوازراو بەدەر لە یاسا و ڕێنوێنییەکان دروست بکرێت ئیجرائاتی پێویست لەگەڵ بەڕێوەبەری بانکەکان دەکرێت.”
هەر لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا کە “نابێت لە هیچ بانکێک دەستکاری پارەی هاووڵاتییان (ئەمانات، وەدائیع، توفیر و..هتد) بکرێت، بەپێچەوانەوە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە.”
هەروەها بڕیاردری ئەوەش درا، کە “بەهیچ جۆرێک نابێت لە ژێر هیچ بیانوویەکدا پارەی تەرخانکراو بۆ مووچە بۆ هیچ بوارێکی تر بەکاربهێنرێت.”
وەك وەزارەتی دارایی و ئابووری ئاماژەی پێكردووە، “جەخت لەحاڵەتی دووبارەبوونەوەی سەرپێچییەکان و هەر کەس و لایەنێک پێچەوانەی ئەم ڕێنوێنییانە جوڵایەوە، داوا لەفەرمانبەران و مووچەخۆران و بەڵێندەران دەکەین ڕاستەوخۆ وەزارەتمان ئاگادار بکەنەوە تا ڕێکاری پێویست بگرینەبەر.”
لە كۆتایی كۆبوونەوەكەشدا، وەزیری دارایی ڕایگەیاندووە، كە “نزیکەوە چاودێری بەڕێوەچوونی کاروباری بانکەکان و جێبەجێکردنی بڕیارەکان دەکەین و کەمتەرخەمی و چاوپۆشی لە هیچ بانکێک قبووڵ ناکەین.”