بەپێی ڕاپۆرتێکی “تایمز ئۆف ئیسرائیل”، میسر سەرکردایەتیی دانوستانەکانی تایبەت بە ئازادکردنی بارمتەکان لە غەززەی گرتووەتە ئەستۆ. تایمز ئۆف ئیسرائیل لە زاری بەرپرسێکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوایان کردووە میسر لە جیاتی قەتەر ئەم ڕۆڵە ببینێت، چونکە پێیان وایە قاهیرە دەتوانێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک فشارێکی کاریگەرتر بخاتە سەر حەماس.
بە گوتەی هەمان بەرپرس، ئیسرائیل هێشتا لەو باوەڕەدایە کە فشاری سەربازی لە غەززە کاریگەرە و حەماسیش دەیەوێت بگاتە ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە. ڕۆژی دووشەممە ٢١ی نیسان، شاندێکی ئیسرائیلی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ نێوەندگیرەکان لە قاهیرە بووە.
ئێستا نزیکەی ٥٩ بارمتە هێشتا لە غەززە دەستبەسەرن و دەگوترێت تەنیا ٢٤ کەسیان زیندوون. حەماس هەفتەی ڕابردوو پێشنیاری ئاگربەستی ئیسرائیلی ڕەتکردەوە کە ئازادکردنی ١٠ بارمتەی لە بەرانبەر زیندانیانی فەڵەستینیدا لەخۆگرتبووو داوای کۆتاییهێنانێکی یەکجاری بە جەنگ و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیلی لە غەززە کرد.
لەنێو ئیسرائیلیشدا، فشارەکان لەسەر حکومەتی ناتانیاهۆ بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن زیادیان کردووە. بەڵام سەرەڕای فشاری نێوخۆیی و هەوڵی نێودەوڵەتی، دانوستانەکان بۆ ئازادکردنی بارمتان بەهۆی ناکۆکیی بنەڕەتیی نێوان لایەنەکان و بارودۆخی نالەباری مرۆیی لە غەززە، ڕووبەڕووی سەختییەکی زۆر بوونەتەوە.

