zagros news agency

وەزیری بازرگانیی عێراق: ئەوانەی مووچەیان لە 1.5 ملیۆن دینار زیاترە پسوولەی خۆراکیان دەبڕدرێت

 

ئەسیر ئەلغەریری، وەزیری بازرگانی عێراق رایگەیاند، بڕیاری بڕینی بەشەخۆراکی مانگانە ئەو کەسانە دەگرێتەوە مووچەکانیان لە یەک ملیۆن و نیو دینار زیاترە.

غەریری گوت: ” پێویستە کولتووری پاڵپشتی لەلایەن هاوڵاتییەوە بگۆڕدرێت. چونکە فەرمانبەرێک هەیە لە شوێنێکی دیاریکراو مووچەکەی یەک ملیۆن و نیو دینارە، لە کاتێکدا کاسبێک یان کەسێک هەیە هیچ مووچە یان داهاتێکی نییە یاخود داهاتەکەی لە ٥٠٠ هەزار دینار تێپەڕ ناکات و ناکرێت لە وەرگرتنی پاڵپشتیدا یەکسانی لە نێوانیاندا بکرێت”.

ئاماژەی بەوەشدا کە “پاڵپشتیی ئاراستەکراو لە نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە سەپێنراوە، کاتێک مووچەکان نزیک بوون لە نەبوون، بەڵام ئەمڕۆ مووچەیەک هەیە کە دەگاتە یەک ملیۆن و نیو، دوو ملیۆن دینار و رەنگە لەوەش تێپەڕێت و ناکرێت خاوەن ئەم مووچانە پاڵپشتی وەربگرن هەروەک چۆن خاوەن مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی وەریدەگرن”.

هەروەها زیادی کرد: “پێویستە دادپەروەری لە دابەشکردندا هەبێت و ئاراستەکردنێکی راستەقینە بۆ شایستەکان پاڵپشتی بکرێت. بۆیە گەڕاینەوە بۆ بڕیاری پێشووی پەسەندکراو لە ساڵی رابردوو کە ئەو کاتە بڕینی بەشەخۆراک بۆ خاوەن مووچەی یەک ملیۆن یان زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو بوو و بەهۆی گۆڕانی نرخی دراوەوە وەک دۆخێکی نائاسایی بەرزکرایەوە بۆ دوو ملیۆن. بەڵام ئێستا دەگەڕێینەوە بۆ بڕیاری پێشوو کە یەک ملیۆن و نیو دینارە، بەشێوەیەک کە ئەو کەسەی داهاتەکەی لەم بڕە زیاتر بێت، پاڵپشتییەکەی لێ دەبڕدرێت”.

ئەلغەریری ئاماژەی بەوەشکرد کە “زیادکردنی کەسە شایستەکان کراوەیە و سەدان هەزار فەرمانبەر زیاد کراون، بەڵام دەبێت دادپەروەری و ئاراستەکردنێکی وردتر لە دابەشکردندا هەبێت، بەمەش پڕۆژەی کارتی بەشەخۆراک بەردەوام دەبێت”.

هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە “لابردنی ئەو کەسانەی شایستە نین یارمەتیدەر دەبێت لە باشترکردنی ژمارە و کوالێتی ئەو ماددانەی کە دابین دەکرێن، بەگوێرەی ستانداردی عێراقی و سەرچاوەی جیهانی”. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە “پێویستە لە هەندێک حاڵەتدا بڕینی خۆبەخۆ (حجب الذاتی) هەبێت، وەک ئەفسەرێکی گەورە، یان بازرگانێک، یان وەبەرهێنەرێک، یان خاوەنی کۆمپانیایەک، هیچ پاساوێک نییە بۆ وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانە، چونکە ئەمە بۆ هەژاران تەرخان کراوە”.

هەواڵی پەیوەندیدار

جام و خول.. خشتەی سەرجەم یارییەکانی ئەمڕۆ چوارشەممە

یاسین

سەرۆک کۆماری میسر ستایشی پلانی ئاشتیی ترامپ بۆ غەززەی کرد

یاسین

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کۆبووەوە

سەڵاح