ئەمڕۆ دووشەممە 2025.11.17، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە ئامادەبوونی ئێرمان تۆبجو، کونسوڵی گشتی تورکیا لە هەولێر، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، پێشوازیکرد لە ئەحمەد داوود ئۆغلوو، سیاسەتمەدار و سەرۆکی پارتی ئایندە و سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا و دۆستی کورد، کە بڕیارە بەشداربێت لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس2025) لە زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە شاری دهۆک.
لە دیدارەکەدا، خۆشحاڵی و سەرسامی خۆی نیشاندا بەسەردانیکردنی هەولێری پایتەخت، کە هەمیشە لە گەشەسەند و پێشکەوتندایە و هەموو پڕۆژە و کارەکانی نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارە کولتووری و مێژووییەکانی بەرزنرخاند، بەتایبەتی نۆژەنکردنەوەی گۆڕستانی گەورەی شاری هەولێر.
هەروەها پیرۆزبایی لەگەلی کوردستان و عێراق کرد بەبۆنەی سەرکەوتنی پڕۆسەی دەنگدان و هیوای خواست قۆناغێکی نوێ و باشتر لە هەموو ڕوویەکەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەست پێ بکات.

