zagros news agency

فێمێنیزم لە دیدی نێچیرڤان بارزانیەوە

بەهرە محەمەد

نێچیرڤان بارزانی لە سەرۆکایەتی کردنی کابینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رابردوو لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئێستا ، بەردەوام پالپشت و داکۆکی کارێکی سەرسەختی مافی ئافرەت و ژنان بووە ، بەردەوام هەوڵیداوە بۆ ئەوەی ئافرەتی کوردیش یەکسان بێت لە گەڵ پیاو لە ماف و ئیمتیازاتی حکومی و ژیانی ڕۆژانەی ، لەسەردەمی کابینەکانی ڕابردووی حکومەت بە هەولی نێچیرڤان بارزانی توانرا لە ڕێگەی یاساوە هەولی گۆرینی ئەو یاسا کۆنانە بدرێت کە ئافرەتی لەزۆر مافی کەسی بێ بەشکردبوو ، وەک گۆرینی یاسای باری کەسیەتی لە یاساکانی هەرێمی کوردستان و رێگری کردن و قەدەغه کردنی فرە ژنی و رێگریکردن لەو کەسانەی کە تۆمەتبارن بە کوشتنی ژن کە نابێت بە هیچ یاسایەک لێخۆشبوونی بۆ بکرێت و هەوڵدان بۆ سزادانی ئەو کەسانەی تۆمەتبارن بە کوشتنی ئافرەت و ئازاردانی ، کە ئەم هەنگاوانەی نێچیرڤان بارزانی لە کۆمەڵگەی کوردستان کارێکی یەکجار گەورە بوو بۆ خزمەتی ئافرەتانی کوردستان ، بە تایبەتی لە کۆمەڵگەیەک کە کەلتورو هەڵە بەکارهێنانی ئاین و چەند یاسایەکی کۆن بوونیان هەبوو بۆ چەوساندنەوە و بێبەشکردنی ئافرەتان لە زۆر ماف و ئازادی کەسی .
هەر لە سەردەمی کابینەکانی نێچیرڤان بارزانی بوو هەڵمەتی ١٦ رۆژە ڕاگەیێنرا بۆ بەرەنگاربوونەوەی دژ بە توندوتیژی ئافرەتان ، کەچەندین چالاکی جۆراو جۆر بۆ هۆشیارکردنەوەی خەلک ئەنجامدران بۆ گۆڕینی هزری خەڵک و تێگەیشتنیان لە ئافرەت و پێدانی ئازادی زیاتر ،
ئەم پرۆژە گەورانەی نێچیرڤان بارزانی بۆ خزمەتی ئافرەتان بووە هۆی کرانەوەی کۆمەڵگە بە ڕوویان و هاتنە مەیدانیان لە بوارە جیاجیاکاندا بە تایبەتی پێدانی چەندین پۆست بە ئافرەتان و دەرکەوتنیان لە بواری ئیداری و حکومی دا ، هەروەک ئێستا دەبینین و شایانی باسە کە سەدان ئافرەت لە نێو کایەی سیاسی بوونیان هەیە هەزاران لە حکومەت لە پێگەی هەستیار دان و هەزارانیتر لە ئافرەتان هاتنە مەیدانی کارکردن و بوون بە بازرگان و خاوەن کار و پرۆژەی خۆیان،
نێچرڤان بارزانی بەردەوام پاڵپشتی خەباتی ئافرەتی کورد بوو بۆ ئەوەی ئافرەت و پیاو یەکسان بن ، لەم کۆمەڵگەیە ئەوەی بۆ پرسی ئافرەتانکرا یەکێک بووە لە گەورەترین هەنگاو بۆ تێپەڕاندنی کەلتورێکی دواکەوتوو کە بەردەوام لە هەندێک مافدا دژ بە ئافرەتان بووە ، بەر لەم هەنگاوەی نێچیرڤان بارزانی سەدان ئافرەت دەکوژران بە بیانوی پاکردنەوەی شەرەف و نامووسی خێزان و خێل چەندین هەزار ئافرەت کران بە قوربانی ژن بە ژنی و گەورە بە بچووکی و ڕێگە نەدان بە هاتنە دەرەوەی ئافرەتان لە ماڵ و قەدەغەکردنیان لە کاری سیاسی و مەدەنی و بەپلە دوو زانینیان لە کۆمەلگە ،
بەلام بە هەوڵی کارکردن و پاڵپشتیکردنی حکومەت و دەسەلاتی سیاسی کوردی توانرا بەشی زۆری ئەو کەلتورە بگۆردرێت کە بیرکردنەوەیان بۆ ئافرەت لە جێگەی خۆی نەبوو ، ئەو کرانەوە و هاتنە مەیدانی ئافرتان بووە مایەیی دستخۆشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و تەنانەت نەیارانیشمان لەم پرسەدا پالپشتی ئەو هەنگاوانەیان کردوە کەلە هەرێمی کوردستان بۆ پرسی ئافرەتان کراوە ، هەروەها کردنەوەو بەرەو پێش چوونی پەناگەو سەنتەرەکانی پاڵپشتی بۆ ئافرەتان فراوانترو باشتر کرد.
لە ئێستادا ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان شان بە شانی پیاوان و بەیەکسانی دەبینرێن لە کۆی دام و دەزگای حکومی و حیزبیدا ڕۆژ بەرۆژ ئەم یەکسانیە و دادپەروەریە لە پێشکەوتندایە.
دەبێت ئەوە باس بکەین کە لەمێژووی کورد دا ئافرەتان ڕۆلێکی کاریگەریان هەبووە و زۆر جاریش هاوشانی پیاو سەرکردایەتی شۆڕش و جووڵانەوەکانی کردوە وەک خانزادی میری سۆران و حەپسەخانی نەقیب لە پرسەکانی تری رۆشەنبیریش ئافرەتی کورد ڕۆلی مەزنی هەبووە لەوانە مستورەخانی ئەردەلانی و عادیلە خان لە زۆربەی شۆڕشەکانیش ئافرەتی کورد شان بەشانی پێشمەرگەکان لە خەبات بوونە پالپشتی پێشمەرگەبوون بۆ بەردەوامی و سەرکەوتن ، ئافرەتی کورد لە کوردستان بونەتە ڕەمزی نەتەوەیی و قارەمانی و ڕەتکردنەوەی دەسەلاتی دوژمنانی کورد ، لەیلاقاسم یەکێکە لەو ڕەمزو هێما قارەمانانەی کورد کە گیانی خۆی کردە قوربانی نەتەوەکەی ،بەڵام بەشێک لەو کۆت و بەندانەی کە بۆ ئافرەتان دانراون بەرهەمی دوژمنانی کورد و مرۆڤایەتین ، چونکە ئەو پێشێلکاریانەی بەرامبەر ئافرەتان کراون لە ڕابردوو لەڕێگەی یاساو داب و نەریتی کۆمەڵگە کراون کە دوژمنانی کورد بەسەر کوردیان سەپاندووە ، جگە لەمەش یاسا خراپەکانی عێراقيش هۆکارێک بوون بۆ چەوساندنەوەی ئافرەتانی کورد و پێشێلکاری بەرامبەر بە ئافرەتان بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان .
ئەو گۆڕانکاریانەو پێشکەوتنەی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان لە پرسی ئافرەتان بەرهەمی خەباتێکی کورتی دەسەڵاتداری کوردی و باوەڕبوونی نێچیرڤان بارزانی بووە لەو پرسە گرنگەدا بۆیە دەکرێت ئەم هەنگاوە بۆ داهاتوو گرنگی زیاتر بێت بۆ بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی کراوەو یەکسان لە پرسی ئافرەت و پیاو.

هەواڵی پەیوەندیدار

پێگەی کورد لە عێراقى داهاتوودا

دڵشاد

سه‌ركه‌وتنی ملیۆنی پارتی پەیامێكی ڕاشكاوە

سەڵاح

راستیه کانی پشت بڕیاری تەیف سامی

دڵشاد