عەمار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی هۆشداریدا لەوەی کە “بۆشایی سیاسی لە جیاوازی و ناکۆکی مەترسیدارترە” و جەختی کردەوە کە عێراق پێویستی بە حکومەتێکی “بەهێزە نەک لاواز”، هاوکات داوای کۆبوونەوە لەسەر “مێزی گفتوگۆی ئازایان”ی کرد.
ئەمڕۆ شەممە، 20-12-2025، حەکیم لە میانی وتارێکدا لە مەراسیمی فەرمی ساڵیادی (سەید محەمەد باقر حەکیم) ڕایگەیاند: “عێراق لەم قۆناغە هەستیارەدا پێویستی بە یەکڕیزیی سیاسی و اتخاذی بڕیاری ورد و لێکدراو هەیە کە گەل بپارێزێت”.
سەرۆکی ڕەوتی حیکمە پێشنیازی کرد بەرنامەی حکومەت لەسەر سێ قۆناغی کاتیی پلەبەندی دابڕێژرێت بەم شێوەیە:
قۆناغی یەکەم (100 ڕۆژ بۆ دەستکەوتی بەپەلە): حەکیم ڕوونیکردەوە، لەم ماوەیەدا جددییەتی حکومەت دەپێورێت لە ڕێگەی ئەو دۆسیانەی هاووڵاتی ڕۆژانە بەرکەوتنی لەگەڵیان هەیە وەک (کارەبا، ئاو، بێکاری، ڕێکخستنی خزمەتگوزارییەکان، ڕێکارەکانی دەستپاکیی و ڕیزبەندکردنی ئەولەویەتە داراییەکان).
قۆناغی دووەم (ساڵێک بۆ چاکسازی): ئەم قۆناغە تایبەت دەبێت بە چاکسازی لە کارگێڕی و حوکمڕانی، تێیدا چاکسازیی هەیکەلی تەواو دەکرێت لە ڕێگەی (دژایەتیکردنی ڕۆتین و بیرۆکراسی، چاکسازی لە سیستەمی باج و خەرجییەکان، پەرەپێدانی کارگێڕی و جێگیرکردنی شەفافییەت لە گرێبەست و پڕۆژەکاندا).
قۆناغی سێیەم (چوار ساڵ بۆ گەشەپێدان): ئەم قۆناغە بۆ بەدیهێنانی کاریگەریی گەشەپێدانی بەردەوامە، تێیدا سەرکەوتنی دەوڵەت دەپێورێت بە توانای بۆ ڕەخساندنی هەلی کار، ڕاکێشانی وەبەرهێنان، باشترکردنی ژێرخان و بنیاتنانی ئابوورییەکی هەمەچەشن.

