سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هەیبەت حەلبوسی، ئەمڕۆ داوای لە حکومەت کرد کارکردن بە پێناسەی نوێی گومرگی بۆ ماوەی ٩٠ ڕۆژ ڕابگرێت.
حەلبوسی لەرێگەی نووسراوێکی فەرمییەوە کە ئاراستەی حکومەتی کردووە داوای کردووە جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (٩٥٧)ی ساڵی ٢٠٢٥ بۆ ماوەی ٩٠ ڕۆژ ڕابگیرێت، بە مەبەستی چاوخشاندنەوە بە پێناسە گومرگییەکە، جگە لە جێگیرکردنی ڕێژەی ٥٪ بۆ هەندێک لەو کاڵایانەی بڕیارەکە دەیانگرێتەوە.
هەروەها ئاماژەی بە کەمکردنەوەی ڕەسمی گومرگی سەر ئۆتۆمبێلە “هایبریدەکان” کردووە لە ١٥٪ بۆ ٥٪، وەک پاڵپشتییەک بۆ ژینگە و کەمکردنەوەی بەکارهێنانی سووتەمەنی.
بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، دەیان بازرگان و خاوەن دوکان لە شەقامی نیزال لەبەردەم تەلاری دەستەی گومرگ لە ناوەڕاستی بەغدا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە نرخنامە نوێیەکەی گومرگ و داوای هەڵوەشاندنەوە یان هەموارکردنەوەیان کرد بە شێوەیەک کە لەگەڵ واقیعی بازاڕی ناوخۆدا بگونجێت.
شایەنی باسە حکومەتی عێراق ڕەسمی گومرگی بە ڕێژەی جیاواز زیاد کردووە کە لە نێوان ٥٪ بۆ ٣٠٪ دایە، بە جۆرێک دابەشکراوە بەسەر چەند ئاستێکدا کە لە ٥٪، ١٠٪ و ١٥٪ـەوە دەستپێدەکات تاوەکو دەگاتە بەرزترین ئاست کە ٣٠٪ـە.

