سەرچاوەیەکی حکوومی، ئەمڕۆ شەممە 30-5-2026، ئاشکرای کرد، کە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ سەرکردە ئەمنییەکان و فەرماندەی ئەو گرووپە چەکدارانە ئەنجام دەدات کە ڕەزامەندییان داوە چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن. ئامانجی کۆبوونەوەکە داڕشتنی میکانیزم و خشتەیەکی کاتییە بۆ تێکەڵکردنی چەکدارەکان و هەڵوەشاندنەوەی بنکەکانیان، لەگەڵ تاوتوێکردنی ئەو گرەنتییانەی دەدرێنە ئەو گرووپانە.
پلانێکی سێ قۆناغی بۆ کۆتاییهێنان بە چەکی میلیشیاکان
بەگوێرەی سەرچاوەکە، پڕۆسەی کۆتاییهێنان بەو دۆسیەیە لە ڕێگەی سێ قۆناغی سەرەکییەوە دەبێت کە لە کۆبوونەوەکەدا باس دەکرێن:
1. قۆناغی یەکەم: سەرژمێریکردن و دەستنیشانکردنی هەموو بنکە و بارەگاکانی سەر بەو گرووپ و بزووتنەوانە.
2. قۆناغی دووەم: هەڵسەنگاندن و ڕادەستکردنی چەکەکان لە چوارچێوەی کاتێکی دیاریکراودا.
3. قۆناغی سێیەم: تێکەڵکردنی ئەندامانی ئەو گرووپانە بە دامەزراوە ئەمنییە فەرمییەکان یان دەستەی حەشدی شەعبی.
ئەم پڕۆسەیە لە ژێر سەرپەرشتی لیژنەی هاوبەش دەبێت کە لە نوێنەری گروپە چەکدارەکان و وەزارەتە ئەمنییەکان پێکدێن و ڕاستەوخۆ لەژێر چاودێری فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا دەبن. هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا پرسی دابینکردنی بوودجە و پارەی پێویست بۆ جێبەجێکردنی ئەم پلانە یەکلایی دەکرێتەوە.
داواکاری و گرەنتییەکان
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، کە گرووپە چەکدارەکان داوای چەند “گرەنتییەک” دەکەن بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانیان، لەوانە، تێکەڵکردنی هەموو چەکدارەکانیان بەبێ جیاکار، دابینکردنی مووچە بۆ هەمووان، گرەنتی ئەوەی کە ڕووبەڕووی لێپرسینەوە و ڕاوەدوونانی یاسایی نەبنەوە.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو بڕیاری دا “سەرایای سەلام” لە ڕەوتەکەی جی بکاتەوە و ڕادەستی دەوڵەتی بکات، کە ئەمەش پێشوازییەکی زۆری لەلایەن حکومەتەکەی عەلی زەیدییەوە لێکەوتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، ئەم هەوڵانەی حکومەت هاوکاتە لەگەڵ چڕبوونەوەی گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر بەغدا. واشنتن بەردەوامیی پاڵپشتییەکانی بۆ عێراق بەستووەتەوە بە دوورخستنەوەی گرووپە چەکدارەکان لە دامەزراوەکانی دەوڵەت و بڕینی سەرچاوە داراییەکانیان، ئەمەش وای کردووە دۆسیەی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت ببێتە یەکێک لە ئاڵۆزترین و هەستیارترین دۆسێیە سیاسییەکانی عێراق.

