لە هەنگاوێکی نوێ و گرنگ بۆ بوارەکانی ڕۆشنبیری، کتێب و چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردی، یەکەمین پێشانگەی کتێبی کوردی لە ڕۆژانی 4 تاوەکو 10ـی حوزەیرانی 2026 لە هۆڵی پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەناو پارکی سامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەدەچێت.
بەپێی راگەیێندراوی رێکخەرانی پێشانگەی کتێبی کوردی، پێشانگەکە بۆ یەکەم جارە لە مێژووی چالاکییە ڕۆشنبیرییە کوردییەکاندا و پێوەست بە کتێبی کوردی، بەو ئاست و فراوانییە ڕێکدەخرێت و چاوەڕوان دەکرێت ببێتە یەکێک لە گرنگترین ڕووداوە ڕۆشنبیرییەکانی ساڵی 2026.
زیاتر لە 100 وەشانخانە، دەزگە و ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردی لە باشووری کوردستان و دەرەوە لە پێشانگەکەدا بەشدارن، بۆ پیشاندانی هەزاران ناونیشانی کتێب و بەرهەمی هزری، ئەدەبی و زانستی.
تایبەتمەندیی ئەم پێشانگەیە تەنیا لە ژمارەی بەشداربووان و قەبارەی بەرهەمەکاندا نییە، بەڵکو لەوەدایە کە بۆ یەکەم جار هەوڵێکی هاوبەش و فراوان بۆ کۆکردنەوەی بوارە جیاوازەکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردی لە ژێر یەک چەتردا ئەنجام دەدرێت.
چاوەڕوان دەکرێت پێشانگەکە جگە لە خستنەڕووی کتێب و بەرهەمە چاپکراوەکان، ببێتە شوێنێک بۆ دیدار، گفتوگۆ، ناساندنی بەرهەمە نوێکان، پەیوەندی نێوان نووسەر و خوێنەر، و بەهێزکردنی جوڵەی ڕۆشنبیری و خوێندنەوە لە کۆمەڵگەدا.
رێکخەرانی پێشانگەکە هیوادارن ئەم هەنگاوە ببێتە بناغەیەک بۆ دامەزراندنی نەریتێکی ساڵانە و گەشەپێدانی پانتاییەکی تایبەت بۆ کتێب و ڕۆشنبیریی کوردی.

