zagros news agency

پەنابەرانی ئەفغانستان لە بەرلین دژی ڕێککەوتنی ئەورووپا و تالیبان خۆپێشاندانیان کرد

ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی ئەفغانستانیی نیشتەجێی ئەڵمانیا، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرانبەر بە سیاستە سەرکوتکارییەکانی تاڵیبان، ئاپارتایدی ڕەگەزی و جۆری مامەڵەی وڵاتانی ئەورووپی لەگەڵ ئەو گرووپە، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیی بەرفراوانیان لە شاری بەرلین ئەنجام دا. ناڕەزایەتییەکان ئامانجی سەرەکیی خۆیان بە “گەیاندنی دەنگی ژنان و کچانی بێدەنگی ئەفغانستان بە گوێی کۆمەڵگەی جیهانی” ڕاگەیاند.
لەم گردبوونەوەیەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکوانان و هاووڵاتییان بەشدار بوون؛ دروشمگەلێک گوترانەوە قوڵایی نائومێدی و لە هەمان کاتدا خۆڕاگریی کۆمەڵگەی مەدەنییان نیشان دەدا. دروشمەکانی وەک: “نا بۆ تاڵیبان”، “نان، کار، ئازادی”، “نا بۆ ئاپارتایدی ڕەگەزی”، “مامەڵەکردن لەگەڵ تاڵیبان، دژایەتیکردنی مرۆڤە”، “یەکێتی، یەکێتی، مەرگ بۆ تاڵیبان” و “یەک نەتەوە، یەک سەنگەر، مەرگ بۆ ستەمکار”. ئامادەبووانی ئەو خۆپیشاندانە پێکەوە گۆرانیی “نیشتمانی من”یان چڕی و گۆرانیی “منم ژن، من جیهانم”یش لێ درا. ئەم جووڵە سەرشەقامە، ناڕەزایەتییەکی ئاشکرا بوو بەرانبەر بە دەسەڵاتی تاڵیبان و ئەو ڕێژیمەی لەسەر بنەمای جیاکاری و سڕینەوەی ڕەگەزی دامەزراوە.
ئەم خۆپیشاندانە لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێت بەڵگەنامە نێودەوڵەتییە نوێیەکان، بانگەشەکانی تاڵیبان سەبارەت بە دابینکردنی ئاسایش بە توندی دەخەنە ژێر پرسیارەوە. بە گوێرەی ڕاپۆرتی نوێی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە “تووندوتیژییە سێکسییەکانی پێوەندیدار بە شەڕ” (ماوەی نێوان کانوونی دووەم تا کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥)، ئاماری تاوانە سێکسییە پشتڕاستکراوەکان لە لایەن ئەو ڕێکخراوەوە، بەراورد بە ساڵی پێشوو زیادبوونێکی توندی بەخۆوە بینیوە. ڕاپۆرتەکە بە پشتبەستن بە زانیارییە وردەکانی شارەزایان هۆشداری دەدات ئەم تووندوتیژییانە نەک تەنها سیستماتیکتر بوون، بەڵکوو “دڕندەیی زۆریان” لەگەڵدا بووە و بە شێوەیەکی پەرەسەندوو، ژنان و کچانیان لە سەرانسەری ئەفغانستاندا کردووەتە ئامانج.
جیا لە تووندوتیژییە پێکهاتەییەکان، هەوڵە یاساییەکانی تاڵیبان بۆ سنووردارکردنی زیاتری ژنانیش ڕەهەندی نوێی گرتووەتە بەر. نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان (یۆناما) بەم دواییانە نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرانبەر بە دەرکردنی بەڵگەنامەیەکی نوێ بە ناوی “یاسای جیاکردنەوەی هاوسەران” لە لایەن تاڵیبانەوە دەربڕی، بە کردەیی هاوسەرگیریی منداڵان لە ئەفغانستاندا ڕێگەپێدراو و یاسایی دەکات. بە گوتەی ئەو دامەزراوە نێودەوڵەتییە، دەرکردنی ئەم فەرمانە هەنگاوێکی مەترسیداری دیکەیە جیاکاریی سیستماتیک دژی ژنان چ لە یاسا و چ لە کردەوەدا، زیاتر دەچەسپێنێت.
قەیران لە ئەفغانستان تەنها لە پەراوێزخستنی ژناندا کورت نابێتەوە؛ ڕاپۆرتە مەیدانییەکان باس لە شەپۆلێکی نوێی تۆڵەسەندنەوە و گوشار بۆ سەر کەسایەتییە سیاسییەکانی حکوومەتی پێشوو و خێزانەکانیان دەکەن. ماوەیەک پێش ئێستا، فەوزییە کووفی، ئەندامی پێشووی پەرلەمان و چالاکوانی مافی ژنان، هەواڵی دەستبەسەرداگرتنی ماڵە تایبەتەکەی و دەستبەسەرکردنی ژمارەیەک لە ئەندامانی خێزانەکەی لە لایەن هێزەکانی تاڵیبانەوە ڕاگەیاند. هاوکات، شاپوور حەسەنزۆی، نوێنەرێکی دیکەی پێشووی پەرلەمان لە لێدوانێکی شۆکهێنەردا ڕایگەیاند کەسانێکی سەر بە گرووپی تاڵیبان، کچەکانی ئەویان ڕفاندووە.

هەواڵی پەیوەندیدار

بەریتانیا بە بەهای زیاتر لە 63 ملیۆن دۆلار هاوکاریی سووریا دەکات

یاسین

ئێران… له‌به‌نده‌ر عه‌باس ته‌قینه‌وه‌یه‌كی به‌هێز روویدا، سه‌دان كوژراو و برینداری لێكه‌وته‌وه‌

سەڵاح

پارتی چاكسازی توركمان: په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی مه‌سروور بارزانی و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا پرۆسه‌ی هه‌نارده‌ی كردنه‌وه‌ی نه‌وتی کوردستان خێراتر ده‌كات

یاسین