لە گۆڕانکارییەکی نوێی بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەکاندا، نرخی بیتکۆین پاشەکشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و لە دواین مامەڵە ڕاستەوخۆکاندا گەیشتە 70,138.16$. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە پێش دوو هەفتە و لە 19ی ئایاردا نرخەکەی لە دەوروبەری 77,190$ بۆ 78,000$ دابوو.
شرۆڤەکارانی بازاڕ ئاماژە بەوە دەکەن، بیتکۆین شکستیهێنا لەوەی لە سەرووی ئاستە بەرزەکانی پێشووی خۆی جێگیر بکات، ئەوەش وایکرد ئاراستەیەکی دابەزین بگرێتەبەر و لە ماوەی 14 ڕۆژدا نێزیکی 7,000$ بۆ 8,000$ (نێزیکی 10%) لە بەهای خۆی لەدەست بدات. مانەوەی پێشووی نرخەکە لە خوار ئاستی 80,000 دۆلار نیشانەی ئەوە بوو کە ئەم نرخە ببووە ئاستێکی بەرگریی هەستیار.
بەپێی گوتەی شرۆڤەکاران، بەهۆی بەردەوامیی گرژییە جیۆسیاسییەکان و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کە کاریگەری نەرێنییان لەسەر بۆرسەی ئەمریکاش هەبووە، ترسی گەورە لای وەبەرهێنەران دروستبووە. ئەگەر نرخی بیتکۆین لەم ئاستەی ئێستادا نەپارێزرێت، ئەگەری دابەزینی زیاتری هەیە و ڕەنگە ڕووبەڕووی فشارێکی توندتری فرۆشتن ببێتەوە.

