بەهرە محەمەد
لە ئێستادا باس باسی ڕێکەورن و یەک ڕیزیە لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان ، بۆ ئەم مەبەستە چەندین دەستپێشخەری بوونی هەیە سەرۆک بارزانی بەر لە جەژن داوای لە لایەنە سیاسیە کان کرد ناکۆکیەکانیان وەلا بنێن و کۆببنەوە . مەبەست لەم وتەیەی ئاشکراو و ڕوون دیارە کە کاتی ئەوەیە هەرێمی کوردستان لەم دۆخە چەقبەستووییە ڕزگار بکرێت و هەموو لایەنەکان کۆ ببنەوە و بڕیارێکی چارەنووسساز بدەن کە لە بەرژەوەندی خەڵک و پێگەی هەرێمی کوردستان بێت . جگەلەمەش نێچیرڤان بارزانی بەردەوام لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر خەتە بۆ ئەوەی دەرچەیەک بدۆزنەوە بۆ کۆتایهێنان بەم دۆخە نا ئاساییەی کە لە هەرێمی کوردستان هەیە جگەلەمەش ئامانجی سەرەکی لەم هەوڵە ڕێکەوتنی لایەنەکانە بەرەو دامەزراندنی حکومەتی تازەی هەرێم و کارا کردنەوەی پەرلەمانی کوردستان ، ئەوەی جێگەی دڵخۆشیە لەم قۆناغەدا زۆربەی لایەنە سیاسیەکان گەشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە دەبێت کۆ ببنەوە و لەنێوان خۆیان سازش بکەن و بگەن بە ڕێکەوتن . تەنانەت خودی یەکگرتووی ئیسلامی کە خۆی وەک پارتێکی ئۆپۆزسیۆن ناساندووە و لە خەمی ئەم دۆخەدا لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی کار لەسەر یەکتر نزیککردنەوەی لایەنەکان بکات و داواشی لە پارتە سیاسیەکان کردووە کە دەبێت هەرێم لەم بارودۆخەدا ڕزگار بکرێت و چارەیەک بۆ ئەم دۆخە نەخوازراوە بدۆزرێتەوە و کار بۆ کۆتایی هێنان بە پەرتەوازەیی بکرێت جگە لەم هەنگاوانەش لەکاتی پێکهێنانی حکومەتی عێراق خودی سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی لە سەردانێکی چەند ڕۆژەیدا سەردانی بەغدای کردوو لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق کۆبووەوە ، زۆرینەی لایەنە سیاسیەکان و کەسایەتییە کاریگەرەکان و حزبیەکانی عێراق کۆبوونەوەی ئەنجامدا و توانی لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانیشتنە پڕ دیبلۆماسیەکەی چەندین پرسی گرنگ لەنێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بکات و سەرەتایەکی نوێ لە کاری سیاسی و پێکەوە کارکردن لەگەڵ لایەنەکانی تر دەستپێبکات ، ئەم سەردانە بە سەردانێکی زۆر باش و ئیجابی باسکرا لە جیهانی سۆشیال میدیا و میدیای عێراقی، هەروەها کارزانی و لێهاتوویی لە گفتوگۆ و پرسە هەستیارەکانی سەرۆکی هەرێم زۆر بەڕوونی و بە ئاشکرا ڕەنگی دەدایەوە . داواشکرا ئەم دیدار و سەردانانە بەردەوام بوونیان هەبێت چونکە هەر ئەم سەردانە هۆکار بوو بۆ کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ لەنێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا کە دەرئەنجامەکەی سەردانی سەرۆک حکومەتی هەرێم کاک مەسرور بارزانی بوو لەگەڵ حکومەتی بەغدا و لایەنەکان گفتوگۆی ڕاشکاوانە ئەنجامدرا و دواتریش ئەنجامی باش لەم سەردانانە هەبوون ، ئەمەش دەکرێت بە قۆناغێکی نوێ هەژمار بکرێت لەنێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا .
لێرەدا دەبێت هەموومان هەست بەوە بکەین کە هەرێمی کوردستان لەبەردەم قۆناغێکی نوێ و هەستیاردایە ، پێویستە لەسەر ئاستی ناوخۆی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتیش پیشانی دۆستەکانمان بدەین کە دەتوانین لەناوخۆی هەرێم بە دیبلۆماسی و زمانی گفتوگۆ چارەسەر بۆ دۆخە نەخوازرا و پرسیە هەستیارەکانمان بکەین بدۆزینەوە . هەروەها بتوانین بە کرداری هەنگاو بنێین لەبەردەم دروستکردنی بەرەیەکی یەکدەنگی لە هەمبەر پرسە گرنگ و گشتیەکان ، چونکە لەم قۆناغەدا بە پلەی یەکەم خواستی خەلکی کوردستان بریتیە لە یەک ڕیزی لایەنە سیاسیەکان و ڕێکەوتنیان چونکە هەرچەند لایەنەکانی هەرێم لەنێوخۆیاندا تەبا و یەکگرتووبن زیاتر ڕەنگدانەوە و ئەنجامەکەی لە نێو کایەکانی ژیانی خەڵکی دەبینین و جۆرێک لە بووژانەوە و ئارامی دروستدەبێت و دەبێتە مایەی خۆشگوزەرانی خەڵکی لەم هەرێمەدا . لە ئێستاشدا ئەم ناوچەیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام لە بەردەم گۆڕانکاری و ڕێککەوتنی وڵاتانی زلهێزدایە و زۆربەی چاوەکان لەسەر ئەم ناوچەیەن . بۆیە دەبێت کورد وەک نەتەوە کە سەرکردە سیاسیەکان و پارتەکان کە گوزارشت لە سیاسەتی هەرێم دەکەن دەبێت زۆر ژیرانە و عەقلانە مامەڵە لەگەڵ ئەم گۆڕانکاریانە و پێشهاتانە بکەن و هەرێمی کوردستان بەرەو چارەنوسێکی باش ببەن و کار بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر بکەن بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان .

