ڕۆژنامەنووس ڕامۆن ئەلڤارێز ئاشکرای کردووە کە یانەی ڕیال مەدرید بەردەوامە لە چاودێریکردنی وردی دۆخی مایکڵ ئۆلیسی فەرەنسی و ئەستێرەی یانەی بایەرن میونشن. فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکە، ئۆلیس بە یەکێک لە بژاردە سەرەکییەکان بۆ بەهێزکردنی ڕیزەکانی یانەکەی لە داهاتوودا دەبینێت.
ئەم جموجۆڵەی ڕیال مەدرید لە کاتێکدایە کە باس و خواسی هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی یانەکە لە نێوان پێرێز و ئێنریکی ڕیکێلمێ گەرمە. پێرێز پلانی داناوە بڕی 150 ملیۆن یۆرۆ بۆ گرێبەستێکی گەورە تەرخان بکات و ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە مەبەستی سەرەکی لەو بودجەیە، هێنانی مایکڵ ئۆلیسە بۆ ڕیزەکانی مێرێنگی.
لە بەرامبەردا، کارگێڕانی یانەی بایەرن میونشن هەڵوێستێکی توندیان هەیە و بە هیچ شێوەیەک نایانەوێت لەم قۆناغەدا دەستبەرداری ئەم یاریزانە ببن.
سەرچاوەکە ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە ئۆلیس خۆی ئاگاداری ئەو گرنگیپێدانەی یانەی شاهانەیە و ئارەزووی ئەوەی هەیە پەیوەندی بە ڕیال مەدریدەوە بکات.
لەگەڵ ئەوەشدا، یاریزانەکە تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی فەرمی نەناوە و هیچ فشارێکی لەسەر یانە ئەڵمانییەکە دروست نەکردووە، بەڵکو ڕێزی تەواو لە گرێبەستەکەی دەگرێت. بۆیە چارەنووسی ئەم بابەتە بەتەواوی بەستراوەتەوە بە هەڵوێستی کۆتایی یانەی بایەرن میونشنەوە لە داهاتوودا.

