ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

لە هەولێر یەکەمین دیداری هەژار موکریانی بەڕێوەچوو

لە هوڵی راگەیاندنی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی پ.د.ک لە هەولێری پایتەخت، یەکەمین دیداری هەژار موکریانی بە ناونیشانی “هەژار و زمان” بەڕێوەچوو.

دیدارەکە رۆژی شەممە، بە ئامادەبوونی سیداد بارزانی، نوێنەری سەرۆک  بارزانی، فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی، مەحموود محەممەد، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی (پ.د.ک)، د.سالار عوسمان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندن و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی، تەها بەرواری، نوێنەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئاریان سەلاحەدین بە نوێنەرایەتی سەرۆکی حکومەت و پارێزگاری هەولێر، خانی هەژار موکریانی، کوڕی هەژار موکریانی و ژمارەیەکی بەرچاو لە رۆشنبیر، نووسەر و پسپۆڕانی بواری زمانی کوردی لە هەر چوار پارچەری کوردستان بەڕێوەچوو.

دەستپێکی رێوڕەسمەکە بە سروودی “ئەی رەقیب” و وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان سەروەریان بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی هەمیشە لەیاد دەستی پێ کرد.

لە گوتارێکدا وێڕای بەخێرهێنانی میوانەکان، د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی پ.د.ک، باسی مێژووی دیاریکردنی رۆژی زمانی دایکی لە رێگەی خەباتی بەنگالییەکانەوە کرد و گوتی: “خەباتی بەنگالییەکان کە لە زمانەوە دەستی پێ کرد و گەیشتە سەربەخۆیی، ئەمە بۆ ئێمەی کورد کە راستە زمانەکەمان لە مەترسیدا نییە، وانەیەکی گرنگە بۆ گەیشتن بە ئامانج و هەر لە راپەڕین و کابینە یەک لە دوای یەکەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە تا ئێستا پرسی زمان پرسی سەرەکی حکوومەت بووە و خوێندن بە زمانی دایکی گەشەسەندنێکی گەورەی بە خۆیەوە بینەوە”.

بەرپرسی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندن، باسی لە گرنگیی مامۆستا هەژار موکریانی لە ڕەهەندەکانی زمان، شیعر، پەخشان، وەرگێڕان، ئایینداری، سیاسەت و هزر کرد و گوتی: “ئێمە لە بەشی رۆشنبیری و راگەیاندن کە دەستمان کردووە بەم دیدارەی “هەژار موکریانی”، بۆ ئەمساڵ و لە رۆژی زمانی دایکیدا پرسی زمانمان کردووەتە تەوەری گفتوگۆکانمان و رەنگە ساڵێکی دیکە پرسێکی دیکە بکەینە چەقی گفتوگۆ و باسەکانی پانێڵەکانمان. بۆیە ئەمڕۆ یادی کەسایەتییەک دەکەینەوە کە شیعری روون و فەرهەنگی راست و وەرگێڕانی دروست پێشکەش بە منداڵەکانی کوردستان کرد، ئێمە یادی کەڵەپیاوێک دەکەینەوە کە لەگەڵ بارزانیی نەمر بە هەمووانی گوت ئەمەیە ڕرێبازی دروستی کوردایەتی”.

دواتر بەڵگەفیلمی “هەژار موکریانی قەڵەمێک لەپێناو کوردستاندا” پێشکەشکرا، کە لەلایەن کەناڵی کوردستان (٢٤) بە هەماهەنگی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندن ئامادەکرابوو، لەم دۆکیۆمێنتارییەدا، وێڕای دید و گوتەی هاوڕێ و هەڤاڵانی هەژار موکریانی، ژیان و وێستگە و قۆناغەکانی ژیان و بەرهەمە بەنرخەکانی هەژار موکریانی بۆ میوانان خرایەڕوو.

خانی هەژار موکریانی، گوتاری بنەماڵەی هەژاری پێشکەشکرد و گوتی: “هەمووتان باش دەزانن، هەژاری مەزن هەموو ژیانی خۆی لە پێناو خەبات بە سەرۆکایەتیی بارزانیی نەمر و فەرهەنگ و زمانی کوردی تەرخانکرد و لەم پێناوەشدا چەرمەسەری زۆری بینی و کەمتر کاتی بۆ ماڵ و منداڵی هەبوو”.

دواتر گرووپی میوزیکی یار سێ بەرهەمیان پێشکەشکرد، یەکیان بە ناوی “سیاپۆش” بوو کە چوارینەیەکی هەژارە و هونەرمەند ماملێ ئاوازی بۆ داناوە، دووەمیان مەقامێکی خورشیدی بوو کە ئەویش چوارینەی هەژارە و ئاوازەکەی فۆلکلۆری گەرمیانە. سێیەمیشیان شیعری “بە کوردی” بوو کە ئاوازەکەی لەلایەن هونەرمەند هۆشیار کەریم دانراوە. بڕگەی کۆتایی سەرلەبەیانیی دیداری هەژار موکریانی، پێشانگەیەکی وێنەیی بوو سەبارەت بە وێستگەکانی ژیان و تەمەنی هەژار موکریانی.

میوزیک و ستران، بەشێکی دیکەی دیداری هەژار و زمان بوون لە دیداری هەژار موکریانی، تێیدا چەندین بەرهەمی ناوازەی میوزیکی نەتەوەیی پێشکەشکرا و دیدارەکەی رەنگدارتر کرد.

پێشانگەی وێنەیی سەبارەت بە وێستگەکانی ژیان و تەمەنی هەژار موکریانی، بەشێکی گرنگی دیدارەکە بوون، لەم پێشانگەیەدا چەندین وێنەی هەژار موکریانی لە قۆناغەکانی شۆڕش و خەباتتدا نمایش کران، کە بەشێکی سەرەکیی و گرنگیان لەگەڵ بارزانیی نەمر، سەرۆک بارزانی و ئیدریس بارزانی هەمیشە لەیاد بوون.

لە کۆتاییدا راسپاردەکانی یەکەمین دیداری هەژار موکریانی خوێندرانەوە و خەڵاتی زێڕینی مام هەژار پێشکەش بە دکتۆر ئەوڕەحمانی حاجی مارف کرا لەپێناو خزمەتە زۆری بۆ زمان و وێژەی کوردی.

هەواڵی پەیوەندیدار

داهاتی بەشی نوێی “Captain America” لە سینەماکاندا

ART

داهاتی “A Quiet Place: Day One” لە سینەکاندا

ART

داهاتی “Bob Marley: One Love” لە سینەماکانی جیهاندا

ART