هۆشەنگ وەزیری، شانۆکار و نووسەری کورد، رۆژی هەینی لە میانی بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فوجەیرە بۆ شانۆی مۆنۆدراما، خەڵاتی یەکەمی فێستیڤاڵەکەی بەدەستهێنا.
وەزیری بە دەقی شانۆیی “ئاسمان بۆ تۆ نییە” بەشداری کردبوو و لە نێوان 704 دەقی شانۆیی، خەڵاتی یەکەمی بەدەستهێنا.
هۆشەنگ وەزیری، نووسەرێکی کوردە بە عەرەبی و ئینگلیزی دەنووسێت، لە دەرەوەی کوردستان بەناوبانگە و تەنیا دوو لە کارەکانی کراون بە کوردی.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فوجەیرە بۆ شانۆی مۆنۆدراما، یەکێکە لە گرنگترین و بەناوبانگترین فێستیڤاڵەکانی تایبەت بە شانۆی مۆنۆدراما (تاک ئەکتەری) لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ساڵانە لە میرنشینی فوجەیرە، یەکێک لە حەوت میرنشینەکەی ئیمارات، سازدەکرێت.
هۆشەنگ وەزیری، نووسەر و ئەدیبێکی کوردە و لەدایکبووی شاری هەولێرە. ئەکادیمیای هونەرە جوانەکانی زانکۆی بەغدا، بەشی دەرهێنانی شانۆی تەواو کردووە و وەک نووسەر لە چەندین گۆڤار و رۆژنامەی عەرەبی و ئینگلیزی وتار و بابەتی بڵاوکردووەتەوە، جگە لە چاپکردنی چەند بەرهەمێکی بە زمانی عەرەبی، لە بواری دەقی شانۆ و هونەری سینەمادا چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە.

