zagros news agency

دوازدەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆک دەستیپێکرد

بە ئامادەبوونی ئاریان سەلاحەدین، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی سێشەممە، دوازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە دهۆک دەستی بەکارەکانی کرد.

لە گوتاری کردنەوەی فێستیڤاڵەکەدا، بریکاری وەزارەت وێڕای دەستخۆشی بۆ سەرخستنی هەوڵ و کارەکانی فێستیڤاڵەکە پێزانینی خۆی ئاراستەی ستافی فێستیڤاڵەکە و بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری دهۆک کرد و ڕایگەیاند، هەموو ساڵێک لە خۆبردووانە کاردەکەن بۆ ئەوەی بەرهەمی باشتر پێشکەش بکەن.

گوتیشی: وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی ئەم ڕووداوە گرنگەی بواری هونەر لە شاری دهۆک و بەردەوامیش دەبین لە پشتیوانیکردنی سەرجەم ئەو چالاکییە کولتووری، هونەری، ڕۆشنبیری و وەرزشیانەی لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان ڕێکدەخرێن و ئەرکی ئێمەیە هاوکار و پشتیوانیان بین.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، ئاریان سەلاحەدین، ڕوونیکردەوە، لە دەستپێکی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانێکی گەورە و بەهێزی پێشخستنی ڕەوتی هونەر و وەرزش و ڕۆشنبیری بووە لە هەرێمی کوردستان و زۆر بەگرنگییەوە ڕوانیویەتی بۆ بوارەکانی هونەر، کولتوور، ئەدەب و ڕۆشنبیری، وەرزش و لاوان و ئەو بوارانە هەمیشە جێی بایەخی تایبەتیی سەرۆک وەزیران بوونە. 

بریکاری وەزارەت ئاماژەی بەوەدا، هەموو ساڵێک ڕێکخستنی وەها فێستیڤاڵێک بێ ئاستەنگ نیە، ئاشکراشیکرد، پشتیوانییەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکارێکی سەرەکی بوونە بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان و ڕێکخستنی ئەو چالاکییە گرنگانەی کە هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پێشکەوتنی زیاتر و کرانەوە و فرە ڕەنگی کولتووریمان دەبەن.

هەواڵی پەیوەندیدار

داهاتی “Deadpool & Wolverine” لە سینەماکانی جیهاندا

ART

نمایشی کۆمەڵێک تابلۆی نەبیندراوی قەرەنی جەمیل

ART

دارامێندرا لە تەمەنی 89 ساڵیدا کۆچی دواییکرد

ART