حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ 10ـی شوباتی 2026 پەیامێکی بەبۆنەی یادی 56 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نووسەرانی کورد بڵاوکردەوە.
دەقی پەیامەکە:
بە بۆنەی یادی (56) ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نووسەرانی کورد، جوانترین و گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم نووسەرانی کوردستان دەکەم. 10ی شوبات، یادێکی پڕ شکۆیە لە مێژووی ڕۆشنبیریی ئێمەدا، چونکە ئەم ڕێکخراوە نیشتمانییە بە درێژایی مێژووی بووەتە چەترێکی نیشتمانیی و قەڵایەکی پتەوی پاراستنی زمان و ناسنامەی کوردی.
یەکێتیی نووسەرانی کورد، سەنگەرێکی بەهێزی خەباتی ڕزگاریخوازی بووە، ئەندامەکانی، پێشمەرگە ئاسا، لە ڕێگەی وشەوە بەرگرییان لە دۆزی کوردستان کردووە.
دوای هەوڵی ڕژێمی بەعس بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوەکە لە ساڵی 1980، نووسەرانی کورد دژی بڕیارەکە وەستانەوە و بەشێکی زۆریان ڕوویان لە شاخ کرد تا شانبەشانی پێشمەرگە، لە مەیدانی تێکۆشاندا خزمەت بە دۆزی کورد بکەن.
لەم بۆنە پیرۆزەدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ ئەو قەڵەمە بەرزانە دادەنوێنین، کە لە پێناو ئازادیدا ڕووبەڕووی گرتن، ڕاوەدوونان، چەرمەسەری بوونەوە و ژیانی خۆیان بەخشی.
هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاتر بۆ ئەو قەڵەمە بەبڕشتانە دەخوازین، کە ئێستاش لە کایەی ڕۆشنبیریدا پارێزەری بەها نەتەوەییەکانن.
دووبارە یادی دامەزراندنی یەکێتیی نووسەرانی کورد پیرۆز بێت.

