لە یەکەم چاوپێکەوتنی لەناو زیندانەوە، بەرهەمهێنەری پێشووی هۆڵیوود، هارڤی واینستینی تەمەن 73 ساڵ، باس لە ژیانی سەختی ناو زیندانی“Rikers Island” دەکات.
واینستین کە بەهۆی تاوانە سێسییەکانەوە سزای درێژخایەنی بەسەردا سەپێنراوە، ڕایگەیاند کە ڕۆژانە 23 کاتژمێر لە ژوورێکی تاکەکەسیدا بەسەر دەبات و تەنیا لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە جیهانی دەرەوە و منداڵەکانییەوە هەیە.
ئەو باسی لەوە کرد کە باری تەندروستی زۆر خراپە و بەدەست نەخۆشی شێرپەنجە و کێشەی دڵەوە دەناڵێنێت و گوتی: “من لێرە دەمرم”.
سەرەڕای سزادانی لەلایەن سێ دەستەی سوێندخواردنەوە، واینستین هێشتا لەسەر ئەو بڕوایەیە کە بێتاوانە و دەڵێت “هۆڵیوود منی وەک قوربانی قۆناغێکی ڕابردوو کردە قوربانی”.
واینستین کە پێشتر یەکێک بوو لە دەسەڵاتدارترین پیاوەکانی سینەما، ئێستا لە زیندان خەریکی خوێندنەوەی ڕۆمانە و چاوەڕێی دادگاییکردنەوەی نوێیە لە نیسانی داهاتوودا.

