ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

نوێترین زانیاری لە بارەی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران دەخرێتە روو

مەسعود حەیدەر، بريكارى وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی دواکەوتنی مووچەی مانگی 7ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە چەند هۆکارێکی خستووەتەڕوو، کە یەکێکیان پێداچوونەوەیە بە “خەرجی دەوڵەت”.

لە راگەیێندراوێکدا، مەسعود حەیدەر ئەمڕۆ دووشەممە، 12-8-2024، دەڵێت، “بەپێی یاسا و رێنماییەکان، دیوانی چاودێری دارایی پێداچوونەوە بە خەرجی دەوڵەت دەکات بۆ ھەموو مانگەکانی 1 تاوەکو مانگی 6ـی 2024 (خەرجی نیو ساڵ) بەوانەی ھەرێمی کوردستانیشەوە”.

هەروەها دەڵێت، “پێداچوونەوەکە بەردەوامە، وەزارەتی دارایی و فەرمانگەی موازنە ھەوڵی تەواو دەدەن بۆ تەواوکردنی پێداچوونەوەکان لە کەمترین ماوەدا و داواکردن لە فەرمانگەی ژمێریاری بۆ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان”.

ئەگەرچی ماوەیەکی زۆرە لیستی مووچەی مانگی 7 بۆ بەغدا نێردراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەی ئەو مانگەیان وەرنەگرتووە.

هەروەها، هێشتا وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی 8ی بۆ بەغدا نەناردووە.

بريكارى وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی مووچەی مانگەکانی داهاتووەوە دەڵێت، “گرنگە وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستان بە زووترین کات لیستی مووچەی مانگی 8 رەوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵی بکات، بە تەواوبوونی پێداچوونەوەی مانگەکانی پێشوو، لە مانگەکانی داھاتوو مووچەی ھەرێمی کوردستان دواناکەوێت”.

باسی لەوەش کردووە، وەزارەتی دارایی فیدراڵی “ھەموو هەوڵێک دەدات” بە ھەماھەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی کارە ئیدارییەکان تەواو بکات و مووچە بنێرێت، “ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ھیچ کێشە و گرفتێکی نییە؛ دەنێردرێت و لە مانگەکانی داھاتوو کێشەی نابێت”.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئێران… لە ڕێوڕەسمی چوارشەممە سووریدا 14 کەس گیان لەدەستدەدەن و سه‌دانیش بریندار دەبن

سەڵاح

دۆلار دابەزی

یاسین

سەرۆکی حکومەت بڕیاریدا مامۆستایانی وانەبێژ بکرێنە گريبەست

یاسین