وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، ڕێکارەکانی وەرگرتنی پارەی مووچەی مانگی شوبات دەستی پێکرد و هەوڵ هەیه لە کەمتر لە هەفتەیەک مووچە دابەش دەکرێت.
بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێی ڕاگەیاندم: “دوێنێ وەزارەتی دارایی عێراق دەستی کرد بە ناردنی تەمویلی مووچە و نووسراو کراوە پارە بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتمان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی.”
ئاماژەی بەوەش دا: “ئێمە لێژنەیەکمان هەیە، ئەمڕۆ چوونە پارەکە وەردەگرن، ئەوەش نووسراو و ڕێکاری کارگێڕیی خۆی هەیە.”
ڕوونیشی کردەوە: “دوێنێ لە هەرێمی کوردستان پشوو بوو، بۆیە ئیشعاری خەرجکردنی پارەکە نەگەیشتە لقی هەولێری بانکی ناوەندی، ئەمڕۆ پارەکە وەردەگرین و دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێ.“
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی ئاشکرای کرد: “هەوڵ هەیەدابەشکردنی مووچە کەمتر لە هەفتەیەک بخایەنێت و نزیکە لە لیستی مووچەی مانگی یەک.”
سەرچاوەکە جەختی کردەوە، ئەو پارەی بەغدا دەینێرێت نزیکەی 560 ملیار دینارە، 380 ملیار دینار کورتهێنانی هەیە.
شوان بەرزنجی