لە ئێراندا، نرخی دۆلاری ئەمریکایی لەم دواییانەدا بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرز بووەتەوە و ئێستا ١٠٠ دۆلاری ئەمریکایی بە ١١ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار تمەن دەفرۆشرێت. هاوکات، نرخی یەک لیرەی زێڕ، بە دیزاینی نوێ (لیرەی ئیمامی)، گەیشتووەتە نزیکەی ١٢٦ ملیۆن تمەن.
بەپێی زانیارییەکان، نرخی دراوە بیانییەکانی دیکەش بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە؛ نرخی یەک پاوەندی بەریتانیایی گەیشتووەتە نزیکەی ١٥٦ هەزار تمەن و یەک یۆرۆش بە نزیکەی ١٣٧ هەزار و ٥٠٠ تمەن دەفرۆشرێت. میدیاکانی ئێران ئاماژە بەوە دەکەن کە لە چەند مانگی ڕابردوودا، دوای گەڕانەوەی سزا نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ئێران و پێداگریی بەرپرسانی ئەو وڵاتە لەسەر بەردەوامیدان بە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی، هەڵاوسانێکی بێ کۆنترۆڵ و هەڵکشانی نرخی دراوە بیانییەکان، گوشارێکی زیاتری خستووەتە سەر ئابووریی وڵاتەکە. بە شێوەیەک کە بەپێی ئامارە فەرمییەکان، نرخی جۆرەکانی خۆراک لە نێوان ٦٠ بۆ ١١٠٪ گران بووە. هەروەها شارەزایانی ئابووریی ئاماژە بەوە دەدەن کە گەشەی خولیی نەختینەیی، سیاسەتە داراییە فراوانخوازەکان و لاوازیی لە بەڕێوەبردنی بودجەدا، هۆکاری ناوخۆیی گرنگن بۆ ئەم هەڵاوسانە.

