بەهۆی پابەند نەبوون بە رێسا و یاسا و رێنوێنی و مەرجهکان، بانکی ناوەندیی عێراق زیاتر لە 138 ملیار دینار غەرامە كران و سزا بەسەر چەندان بانک و کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو دەسەپێنێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 23ی 4ی 2024، بانكی ناوهندیی عێراق بڵاوی کردەوە، بەهۆی كاری نایاسایی و پابەند نەبوون بە رێنوێنییەكان، چەندان بانك و كۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق سزا دراون.
لە راگەیاندراوەكەی بانكی ناوەندیدا هاتووە: “بە پشتبەستن بە پرەنسیپی شەفافیەت و ڕۆڵی چاودێریکردن، که بانکی ناوەنديی عێراقی بەسەر بانکەکان و دامەزراوە داراییە نابانکییەکان ههیهتی بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوون و چوونهژێرباریان، بە یاسا و ڕێنوێنی و مەرجەکانی ڕێکخستنی کارەکانیان، بە مەبەستی بنیاتنانی کەرتێکی بانکی تۆکمە و سەقامگیر بانکی ناوەندی عێراقی سزای دارایی و کارگێڕی بەسەر بانکەکان و دامەزراوە داراییە نابانکییەکاندا دەسەپێنێت کە ناچننه ژێربار و پابەندی رێسا و یاسا و رێنوێنی و مەرجهکانمان نابن.”
بهپێی خشتەیەک کە بانكی ناوەندی بڵاوی كردووەتەوە، لە سێ مانگی ئەمساڵدا بڕی 138 ملیار و377 ملیۆن دینار غەرامە و سزای دارایی بووە و ژمارەی سزا کارگێڕییەکان کە ئاراستەى بانکەکان و دهزگا داراییە نابانکییەکان كراوە 49 سزا بووە.
لە راگەیاندراوەكەدا ناوی بانك و كۆمپانیاكان نەخراوەتە ڕوو، تەنیا ئاماژە بە بڕی سزاكان و بڕیارەكان دراوە.
بەپێی خشتەكە، تەنیا لە مانگی یەكی ئەمساڵدا زیاتر لە 98 ملیار دینار سزای دارایی ئەو بانك و كۆمپانیایانە بووە.