چوارچێوەی ھەماھەنگی بۆ تاوتوێ كردنی پرسی ھەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عێراق لە ماڵی نووری مالیكی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کۆبووەوە.
چوارچێوەی هەماهەنگی لە ڕاگەیەندراوی دوای کۆبوونەوەکە؛ ئۆباڵی هەڵنەبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمان خستە ئەستۆی لایەنە سوننەکان و ئاماژەی بەوە کرد، “دەبێت سوننەکان بەرپرسیارێتیی هەڵنەبژاردنی سەرۆکێکی نوێ هەڵبگرن”.
وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، چوارچێوەی هەماهەنگی ماوەی یەک هەفتە مۆڵەت بە سوننەکان دەدات لەسەر پرسی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێڕاق رێبککەون، بە پێچەوانەوە لە پەرلەمان ئەو بەرکەوتەیە یەکلایی دەکەنەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، هاوپەیمانی عەزم، حەسم و سیادەی سوننەكان داوا لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەكات بە زووترین کات هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمان بخاتە بەرنامەی کارەوە.
لەوبارەوە عەلی زوبەیدی، ئەندامی چوارچێوەی ھەماھەنگی ئاماژەی بەوە کرد، لایەنە سیاسییەكان لەسەر دیاریكردنی وادەیەك بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمان رێككەوتوون. زوبەیدی ئەوەشی خستەڕوو، لایەنەكان رێككەوتوون لەم ھەفتەیەدا دانیشتنەكە بكرێت و بە ئەگەرێكی زۆرەوە سبەی چوارشەممە، 08-05-2024 دەبێت.
بە گوێرەی ئەو سەرچاوەیە، گفتوگۆكان لەگەڵ پارتی تەقەدوم بە مەبەستی بەشداریکردن لە دانیشتنەکەدا بەردەوامن. دەشڵێت، لە ئەگەری بایكۆت كردنی دانیشتنەكە لەلایەن پارتی تەقەدومەوە لە ڕوانگەی یاساییەوە کاریگەری لەسەر بەڕێوەبردنی دانیشتنەکە نابێت. گوتیشی، “بابەتەكە نزیکە لە بەرژەوەندی سالم عیساوی یەکلایی دەبێتەوە، یەكێك لە كاندیدانی ئەو پۆستە، چونکە زۆرینەی پەرلەمان دەنگی پێ دەدات”.
رۆژی 18ی نیسانی ڕابردوو، شەعلان کرەیم كاندیدی پارتی تەقەدوم لە كاندیدی پۆستى سەرۆکى پەرلەمان کشایەوە، دواتر 74 پەرلەمانتاری نزیك لە پارتی تەقەدوم بەفەرمى داوایان کرد پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمان هەموار بکرێتەوە بۆ ئەوەى رێگە بدات كەسێكی دیکە خۆى بۆ ئەو پۆستە کاندید بکات، بەڵام چوارچێوەی ھەماھەنگی ههمواری پهیڕهوی ناوخۆ ڕهت دهكاتەوە.
نزیكەی شەش مانگە ئەو پۆستە چۆڵە، کۆبوونەوەى پەرلەمانى عێراق لە 14ى کانوونى دووەمی ئەمساڵ، نەیتوانى ئەو پۆستە یەکلابکاتەوە، دەنگدان بۆ دیاریکردنى سەرۆک گەیشتە گەڕى دووەم و ڕاگیرا. ڕکابەرییەکە لە نێوان شەعلان کرەیم، كاندیدی تەقەدوم، لەگەڵ سالم عیساوى، كاندیدی هاوپەیمانیى سیادە و مەحموود مەشھەدانی، كاندیدی ھاوپەیمانی عەزم مایەوە.