ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

بە هەزاران بەندكراوی عێراقی حوكمەكانیان تەواو كردووە و ئازادیش ناكرێن

هەزاران بەندكراو لە گرتووخانەكانی عێراقدا ماوەی حوكمەكەیان تەواو كردووە، كەچی تا ئێستا ئازاد نەكراون، ئەوەش مەترسییەكی گەورەی لەسەر كۆمەڵگای عێراقی دروست كردووە.

عێراق، كە ساڵانێكە بەدەست شەڕ و ململانێی مەزهەبی و تیرۆر و كوشتن و هۆشبەرەكان و بەرتیلدان و گەندەڵی و توندوتیژیی خێزانی و ناسەقامگیریی كۆمەڵایەتییەوە دەناڵێنێ، ئێستا زیاتر لە 60 هەزار بەندكراوی لە گرتووخانەكاندا هەیە.

لە جیاتیی ئەوەی حكوومەتی عێراق ئەو گیراوانە، دوای تەواوكردنی ماوەی حوكمەكەیان بەپێی یاسا و پرەنسیپە نێودەوڵەتییەكان ئازاد بكات، كەچی هێشتا بە هۆكاری نەزانراو لە گرتووخانەكانی هێشتوونەتەوە، ئەمەش بووەتە جێی پرسیار، لە دۆخێكدا، كە گرتووخانەكان چەندین دیاردەی ئابڕووبەرانەی تێدا روودەدا، بەتاییەت بوونی هۆشبەرەكان.

مانگی رابردوو، سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق چەندین سكاڵای هاووڵاتییانی بەدەست گەیشتووە، كە تێیدا روونیان كردووەتەوە، گیراوەكانیان دوای ئەوەی ماوەی حوكمەكانیان لە گرتووخانە تەواو كردووە، كەچی ئازاد ناكرێن، بۆیە لێژنەیەكی لە وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی داد و ئەنجومەنی داد و راوێژكاریی ئاسایشی نەتەوەیی بۆ ئەو مەبەستە پێكهێنراوە.

بە گوێرەی بەیانێكی فەرمی، لێژنەكە دوای چەندین كۆبوونەوە، 12 هەزار بەندكراوی ئازاد كردووە، ئەوانەی كە ماوەی حوكمەكانیان لە بەندیخانەكان تەواو كردووە، یان ئەوانەی دادگای تەمیز حوكمدانەكانیانی رەت كردووەتەوە.

ئەوەش بووەتە جێی پرسیاری چالاكوان و مافپەروەرانی عێراقی، كە بۆچی ئەو ژمارە زۆرەی گیروان، سەرەڕای تەواوكردنی ماوەی حوكمەكانیان ئازاد نەكراون و پێویست بە پێكهێنانی لێژنە و لێژنەكاری بووە بۆ ئازادكردنیان، كە ئەمە رێوشوێنێكی سرووشتییە و لە دەستووری عێراقی و جاڕنامەكانی نێودەوڵەتیشدا سەبارەت بە پاراستنی مافەكانی مرۆڤدا هاتووە.

هەواڵی پەیوەندیدار

کەشناسی : ئەگەری نمە باران و هەورە تریشقە هەیە

سەڵاح

بەرشەلۆنە جێگرەوەی شتیگن دیاریدەکات

یاسین

پەیامێکی پیرۆزبایی لە فازڵ میرانییەوە

یاسین