زۆر لە سەرچاوە سیاسییەكان و شڕۆڤەكاران باس لە دەركەوتنی ئاماژەی ئەگەری سەرهەڵدانەوەی شەڕ لەنێوان ئیسرائیل و ئێراندا دەكەن. لەمبارەیەوەش توێژەرێكی سیاسی پێی وایە، سەرهەڵدانەوەی ئەو شەڕە چاوەڕوان كراوە و هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دوا دەخات.
حوسێن ئەسعەد، توێژەری کاروباری سیاسی، ڕۆژی سێشەممە (12ی ئابی 2025)، بۆ (بەغداد ئەلیەوم) رایگەیاند، دەستوور و یاساكان دەسەڵاتی دواخستنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان بە هیچ شێوەیەک بە عێراق نادەن، تەنیا لە بارودۆخی زۆر قورس و نائاساییدا نەبێت، وەک هەڵگیرسانی جەنگێکی گشتگیر یان هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی، لەو دۆخەدا بڕیارێک لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەران خۆیەوە دەردەچێت یان بە پێشنیازێک، كە لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە دەدرێت كە ڕەزامەندیی یاسایی لەسەرە.
ئەو چاودێرە دەڵێت: “لە ئەگەری نوێبوونەوەی جەنگ لەنێوان ئێران و ئیسرائیل و درێژبوونەوەی کاریگەرییەکانی بۆ ناوخۆی عێراق، چ بە شێوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بێت یان هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ژێرخانی و ئاسایشی نیشتمانی، لەوانەیە ئەم بارودۆخانە بە حاڵەتی زۆر قورس دابنرێن کە دەتوانن پاڵ بە دواخستنی هەڵبژاردنەکانەوە بنێن، بەڵام بڕیارەکە لە کۆتاییدا دەکەوێتە چوارچێوەی دەستووری و یاساییەوە، نەک لەسەر بنەمای خەمڵاندنی سیاسی بۆ بارودۆخەكە.”
عێراق لە خولەکانی پێشووی هەڵبژاردندا مشتومڕێکی فراوانی بەخۆوە بینیوە لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردن، بەتایبەتی لەسایەی خراپیی بارودۆخی ناسەقامگیریی ئەمنیدا.
لە هەڵبژاردنەکانی 2014 و 2018، هێزە سیاسییەکان بیرۆکەی دواخستنیان خستە ڕوو، بەهۆی جەنگ دژی ڕێکخراوی داعش یان قەیرانە سیاسییەکان، بەڵام لەکۆتاییدا کاتەکان لە چوارچێوەی دەستوور بە جێگیری مانەوە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری داوە ڕۆژی 11ی 11ی 2025 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە بچێت.

