وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند کە رێژەی هەژاری بەراورد بە ساڵانی رابردوو کەمیکردووە، لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی کە بەردەوامە لە ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی ستراتیژیەتی بەرەنگاربوونەوەی هەژاری 2026-2030.
عەبدولزەهرە هینداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان رایگەیاند: “رێژەکانی هەژاری لە عێراقدا لەمساڵدا کەمبوونەوەیەکی بەرچاوی هەبووە، ئەمەش دەرئەنجامی زنجیرەیەک لە سیاسەت و رێکارە حکومییەکانە کە لە چوارچێوەی ستراتیژیەتی بەرەنگاربوونەوەی هەژاریدا جێبەجێ کراون.”
روونیشی کردەوە: “دوایین رووپێو کە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە لەڕێگەی دەزگای ناوەندی ئامارەوە ئەنجامدرا، کەمبوونەوەی رێژەی هەژاری بۆ نزیکەی 17% نیشاندا، لە کاتێکدا لە ساڵی 2022دا 23% بوو، ئەم کەمبوونەوەیەش بەهۆی رێکارە حکومییەکانەوە بووە لە چوارچێوەی ستراتیژیەتی بەرەنگاربوونەوەی هەژاری.”
ئاماژەی بەوەشدا: “ئەم کەمبوونەوەیە بەهۆی پاڵپشتیکردنی دۆسیەی ئاسایشی خۆراک بووە لەڕێگەی دابینکردنی سەبەتەی خۆراکی بۆ بەشەکانی پسوولەی خۆراک، فراوانکردنی گشتگیربوونی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی و جێبەجێکردنی پرۆگرامەکانی بەھێزکردنی ئابووری لەڕێگەی گۆڕینی ژمارەیەک لە سوودمەندان بۆ فەرمانبەر لە ھەندێک لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.”
راشیگەیاند: “ستراتیژیەتی بەرەنگاربوونەوەی هەژاری ھەروەھا دابینکردنی یارمەتیی دارایی یەکلایەنەی بۆ ئەو خێزانانە لەخۆگرتبوو کە منداڵیان لە قوتابخانەکانە بۆ رێگریکردن لە وازهێنانیان لە خوێندن و دڵنیابوون لە بەردەوامییان، لەگەڵ دابینکردنی پاڵپشتی و ئاسانکاری تەندروستی بۆ توێژە هەژارەکان و تەواوکردنی پڕۆژەی نەخۆشخانە لە هەژارترین ناوچەکان.”
ئاماژەی بەوەشدا: “سندووقی پاڵپشتیی ناوچە زۆر ھەژارەکان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا پڕۆژەی خزمەتگوزاریی لە ژمارەیەک پارێزگا جێبەجێ کردووە، جیا لە رۆڵی سندووقی کۆمەڵایەتی بۆ گەشەپێدان کە سەر بە وەزارەتی پلاندانانە، ئەم سندووقە بە سەرکەوتوویی سەدان پڕۆژەی لە زیاتر لە 500 گوند لە سەرانسەری وڵات جێبەجێ کردووە، کە قوتابخانە و سەنتەری تەندروستی، راکێشانی تۆڕەکانی ئاو و کارەبا و قیرتاوکردنی رێگه سەرەکییەکانی لەخۆگرتووە.”
دووپاتیشی کردەوە: “وەزارەتی پلاندانان بەردەوامە لە ئامادەکارییەکانی بۆ راگەیاندنی ستراتیژیەتی بەرەنگاربوونەوەی هەژاری بۆ ساڵانی 2026-2030، کە بەردەوام دەبێت لە پەیڕەوکردنی ئەو هەنگاوانەی کە سەرکەوتنیان سەلماندووە لە ھەردوو ستراتیژیەتی پێشوودا، بۆ گەیشتن بە ئامانجە نیشتمانییەکان لە کەمکردنەوەی رێژەکانی هەژاری و بەهێزکردنی گەشەپێدانی بەردەوام.”

