وەزارەتی دادی عێراق، ئەمڕۆ له ژمارە نوێی گۆڤاری وەقایعی عێراقی رایگەیاند کە ژمارەیەک بڕیار و رێنمایی و راگەیاندنی لەخۆگرتبوو، دیارترینیان سڕینەوەی گرووپی حووسییەکانی یەمەنی و حیزبوڵڵای لوبنانی بوو لە “لیستی تیرۆر” دوای ئەوەی لە ژمارەی پێشوودا بە بڕیاری لیژنەی بلۆککردنی سامانی تیرۆریستان خرابوونە سەر لیستەکە.
هەیفا شوکر مەحمود، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی وەقایعی عێراقی، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند کە ژمارەکە بڕیاری ژمارە (64)ی ساڵی 2025ی لیژنەی بلۆککردنی سامانی تیرۆریستان و چەندین رێنمایی و بەیاننامەی دیکەی لەخۆگرتبوو.
دەقی بڕیاری سڕینەوەی حووسییەکان و حیزبوڵڵا لە “لیستەکانی تیرۆر” ئەوەی خستەڕوو کە “لیژنەی بلۆککردنی سامانی تیرۆریستان لە دانیشتنە نائاساییەکەی دووەمیدا بڕیاری دا ژمارە (18 ـ 19)، کە لە خاڵی (یەکەم/ ب)ی بڕیاری ژمارە (61ی ساڵی 2025) ئاماژەیان پێکراوە، بسڕێتەوە.”
هۆکاری سڕینەوەکە ئەوە بوو کە ئەو دوو گرووپە “بە حوکمەکانی بڕیارەکە نەگیرساونەتەوە، بەو پێیەی ناوەڕۆکەکەی تەنها سنووردارە بەو ناوانە و قەوارانەی پەیوەستن بە داعش و رێکخراوی قاعیدە.”

