شێخ غەزال غەزال، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عەلەوی لە سووریا ، پەیامێکی ئاراستەی عەلەوییەکانی سووریا کرد بۆ ئەوەی ڕۆژی یەکشەممە بڕژێنە سەر شەقامەکان بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانی ئاشتییانە. ئامانجی سەرەکی ئەم خۆپیشاندانە داواکردنی “فیدراڵیزمی سیاسی و مافی دیاریکردنی چارەنووسە”.
شێخ غەزال لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ، جەختی لەسەر دۆخی مەترسیداری پێکهاتەکەیان کردەوە و گوتی: “ئەوەی ئەمڕۆ ئێمەی تێدا دەژین، شەڕی قڕکردنێکی ڕێکخراوەییە کە بە چاو و گوێی جیهانەوە بەسەرماندا جێبەجێ دەکرێت.”
غەزال دەسەڵاتی ئێستای تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی “هەموو جۆرە تاوانکارییەک” بەرامبەر عەلەوییەکان و شوێنە ئایینییەکان. هەروەها ئەو توندوتیژییانەی بەراورد کرد بە “نازیزم” کە دژی جوولەکەکان بەکارهێنرا .
ئاماژەی بەوەشدا، بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر ئەم تاوانانە، زیاتر کوشتن و داڕمان بەدوای خۆیدا دەهێنێت و داوای کرد “چارەسەری خێرا و ڕیشەیی و پاراستنی نێودەوڵەتی” بسەپێنرێت.
غەزال بە عەلەوییەکانی ڕاگەیاند، پێویستە خۆڕاگر بن و گوتی: “یان لەم خاکەدا ڕەگ و ڕیشە بین کە هەڵناکێشرێت، یان نەمێنین.” داوای لە کوڕانی عەلەوییەکان کرد کە یەکشەممە بە “لافاوێکی مرۆیی ئاشتییانە” گۆڕەپانەکان پڕ بکەنەوە، هەروەها داوای لە پێکهاتەکانی دیکەی سووریا کرد پشتگیری داواکارییەکانیان بکەن. ناوبراو بە توندی شەڕی ناوخۆیی ڕەتکردەوە.
ئەم بانگەوازە لە کاتێکدایە کە گرووپی “سەرایا ئەنسار ئەلسوننە” بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕۆژی هەینی ڕابردووی سەر مزگەوتی ئیمام عەلی لە گەڕەکی وادی ئەلزەهەب لە حمس گرتە ئەستۆ، کە بووە هۆی کوژرانی 8 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 20 کەس.
هەواڵی پێشوو
هەواڵی داهاتوو

