ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـ2-2026، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق رایگەیاند، سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی بەغدا- کەرخ، دادوەر خالید مەشهەدانی، سەردانێکی مەیدانییان بۆ ئەو بنکە و شوێنانە ئەنجامدا کە تایبەتکراون بە لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتبارانی زیندانیانی داعش، ئەوانەی لە زیندانەکانی سووریاوە بۆ عێراق گواستراونەتەوە، بە مەبەستی چاودێریکردنی رێکارە یاسایی و لێکۆڵینەوەییەکان.
ئاماژەی بەوەشداوە، دادگای لێکۆڵینەوەی یەکەمی کەرخ تا ئێستا لێکۆڵینەوەی سەرەتایی لەگەڵ زیاتر لە 500 تۆمەتباردا تەواو کردووە، لەو چوارچێوەیەشدا 157 نەوجەوان کە تەمەن لە ژێر 18 ساڵدان جیاکراونەتەوە و بڕیاردراوە دۆسیەکانیان ڕەوانەی دادگای لێکۆڵینەوەی نەوجەوانانی کەرخ بکرێت و لە خانەکانی چاکسازیی نەوجەوانان دابنرێن، تاوەکو بەپێی پێوەرە یاسایی و مرۆییەکان مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.
ئاماژە بەوەش کراوە کە کۆی گشتیی ئەو تۆمەتبارانەی لە سووریاوە گەڕێنراونەتەوە، گەیشتووەتە 5 هەزار و 704 تۆمەتبار، کە هەڵگری 61 ڕەگەزنامەی جیاوازی وڵاتانی جیهانن.

