باڵیۆزی عێراق لە ئەنقەرە، ماجد لەجماوی ڕێنمایی دا بە کردنەوەی دەوامی ئێواران لە بەشی کارتی نیشتمانی (ناونیشانی یەکگرتوو) لە باڵیۆزخانە.
لە بەیاننامەیەکی باڵیۆزخانەکەدا هاتووە: “ماجد لەجماوی، باڵیۆزی عێراق لە ئەنقەرە، ڕێنمایی دا بە کردنەوەی دەوامی ئێواران لە بەشی کارتی نیشتمانی لە باڵیۆزخانە، ئەمەش لە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٦/٠٣/٠٢ـەوە دەستپێدەکات. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەدایە کە مەبەست لێیان ئاسانکارییە لە ڕاییکردنی مامەڵەی ئەو هاوڵاتییە عێراقییانەی لە تورکیا نیشتەجێن و کەمکردنەوەی بارگرانییە لەسەریان.”
هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە: “ئەم ڕێنماییە لە سۆنگەی پەرۆشی باڵیۆزخانەکەوە دێت بۆ بەرەوپێشبردنی خزمەتگوزارییە کونسوڵییەکان و زیادکردنی کاتژمێرەکانی کارکردن، بە جۆرێک کە وەڵامدەرەوەی پێویستییەکانی ڕەوەندی عێراقی بێت، بەتایبەت لە سایەی زیادبوونی خواست لەسەر تەواوکردنی مامەڵەکانی کارتی نیشتمانی.”
بەیاننامەکە تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە “چاوەڕوان دەکرێت دەوامی ئێواران ببێتە هۆی خێراکردنی ڕاییکردنی مامەڵەکان و کەمکردنەوەی ماوەی چاوەڕوانی. باڵیۆزخانەکەش لە داهاتوودا وردەکاری و میکانیزمی سەردانیکردن بۆ دەوامی ئێواران ڕادەگەیەنێت.”

