zagros news agency

حكوومەتی هەرێمی کوردستان بەتەنگ داوایەكی دیکەی هاووڵاتییانەوە دەچێت

 

وەزارەتی شارەوانی ڕێگە بە دروستکردنی خانووی دابەش دوو کرایەوە

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند، حكوومەتی هەرێمی کوردستان بەتەنگ داوایەكی دیکەی هاووڵاتییانەوە دەچێت و ڕێکارەکانی مۆڵەتی دروستکردنی خانوو لەسەر زەویی دابەش دوو ڕادەگەیەنێت.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئەمڕۆ یەكشەممە 2ی حوزەیرانی 2024، ڕوونكردنەوەیەكی بۆ سەرجەم بەرێوەبەرایەتییە گشتییەكان و سەرۆكایەتیی شارەوانییەكانی شار و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستانی ناردووە، ئەو مەرجانە خراونەتە ڕوو بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لە مۆڵەتی دروستكردنی خانوو لەسەر زەویی دابەش دوو سوودمەن بن.

بە گوێرەی بڕیارەکە ئەو زەویانەی دابەش دوو دەکرێن، نابێت لە 200 مەتر دووجا كەمتر بن و پێویستە ڕووكاری هەر پارچە زەوییەكیان لە پێنج مەتر كەمتر نەبێت و ڕووبەری هەر زەوییەكیش دوای دابەشكردنی بەلای كەمەوە 100 مەتر کەمتر نەبێت.

لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئابووری و كۆمەڵایەتیی هاووڵاتییان ئەم بڕیارە دەرچووە، دوای ئەوەی دەیان كۆبوونەوە و گۆڕینەوەی سەرنج لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی ناو وەزارەت و دەرەوەی وەزارەت كراوە، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە بڕیار لە بەرژەوەندیی ئەو خاوەنزەوییانە بدرێت و لایەنی ماستەرپلانی شارەكان و جەنجاڵیی گەڕەكەكانیش ڕەچاو بكرێت.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەش داوە کە لە ڕێگەی لێژنەكانییەوە سەرقاڵی ئامادەكردنی داتای تەرخانكردنی زەوییە بەسەر فەرمانبەراندا، لە چوارچێوەی ئەو بەڵێن  و مژدەیەی سەرۆكوەزیران بە تەواوی فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی دابوو.

هەواڵی پەیوەندیدار

میسان… تەرمی گەنجێکی ڕفێندراو بە کوژراوی دۆزرایەوە

یاسین

سەرۆک بارزانی بەشداری لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات

سەڵاح

فەرشی ئێرانی؛ لە هێمای شکۆمەندییەوە بۆ قەیرانی بازاڕ

سەڵاح