ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

ئەنجومەنی وەزیران: پێویستە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ تەواوی مووچەی مووچەخۆران بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم بنێرێت و جیاکاری نەکات لە نێوان مووچەخۆراندا

*ئەنجومەنی وەزیران: پڕۆژەی ( هەژماری من) پرۆژەیەکی پێشکەوتووی بانکیی و پەسەندکراوی بانکی ناوەندیی عێراقە ودەبێت مووچەخۆرانی هەرێم لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی وئابووری و حیسابی بانکیان لە )هەژماری من (ەوە مووچە وەربگرن

ئەمڕۆ چوارشەممە 3/13، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەر سەردانی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و دیدار و کۆبوونەوەکانی لە واشنتن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوە و بەرگری و گەنجینە و کۆنگرێس لە
ڕۆژانی 2/26 تا 2024/3/5.
سەرۆک وەزیران ڕوونیکردەوە کە لە کۆبوونەوە و دیدارەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا، گفتوگۆ لە بارەی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی دۆستانە و تایبەتی دوولایەنە و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم و پاراستنی قەوارەی دەستووری و فیدراڵی هەرێمی کوردستان و مافی پێکهاتەکانی کوردستان و پێکهێنانی ئەنجومەنی فیدراڵی کرا.

پاشان شۆڕش ئیسماعیل وەزیری کاروباری پێشمەرگە، ئاماژەی بەوەدا کە سەردانەکە زۆر سەرکەوتوو بوو و لەلایەن بەرپرسانی باڵای ئەمەریکاوە گرنگییەکی زۆر بە شاندەکە درا و بەردەوامبوونی پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان دووپات کرایەوە .

بڕگەی دووەم بریتی بوو لە خستنەڕووی یەکەمین ڕاپۆرتی دەستەی دەستپاکی هەرێم سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی ئاستی جێبەجێکردنی (ستراتیژی نیشتمانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان ) کە پێشتر لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2021 لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند کرابوو لە پێناوی هێنانەکایەی چەند ئامانجێکی دیاریکراو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و برەودان بە شەفافیەت و لێپرسینەوە، لە ڕێگەی چەند میکانیزمێکی دیاریکراو، پوختەی ڕاپۆرتەکە لەلایەن ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەستپاکییەوە خرایەڕوو. ڕاپۆرتەکە چەندین ڕاسپاردە و پێشنیاری دامەزراوە فەرمییەکانی لەخۆ گرتبوو لە چوارچێوەی ستراتیژەکە، لە ناویشیاندا بواری هۆشیارکردنەوەی دژە گەندەڵیی و پەرەپێدان بە چاودێری ناوخۆیی و هەموارکردنەوەی چەند یاسا وڕێنماییەک و برەودان بە توانای فەرمانبەران وڕاهێنانیان و هەروەها هێنانەکایەی دادگایەکی تایبەت بە تاوانەکانی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان.

ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لەبەرامبەر پێشکەشکردنی ڕاپۆرتەکە، هەڵوێستی خۆی دووپات کردەوە لە بەردەوامبوون لە ڕێکارەکانی پەرەپێدانی شەفافیەت و لێپرسینەوە و ڕووبەڕوبونەوەی گەندەڵی و لە هەمانکاتدا وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ئەو ڕاسپاردە و پێشنیارانەی خرانەڕوو.

پاشان لەلایەن ئاوات شێخ جەناب ، وەزیری دارایی و ئابووری ، هەنگاو و ڕێکارەکانی ئەم دواییەی وەزارەتی دارایی و ئابووری و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە مووچەی مووچەخۆرانی لە بەر ڕۆشنایی دوا پێشهات و گۆڕانکارییەکان خرایەڕوو.

وەزیری دارایی وئابووری ئاماژەی دا بەوەی کە وەزارەتەکەی، داوای تەمویلکردنی تەواوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ کردبوو بە بێ جیاوازیی بۆ مانگی شوباتی 2024 بە بڕی ( 949,813,146,170) ملیار دینار.

بەڵام وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ تەنيا بڕی 569 ملیار و 219 ملیۆن دیناری تەمویل کردووە کە دەکاتە ڕێژەی تەنيا (%59) لە کۆی گشتی مووچەی هەرێم و ئەمەش وا دەکات کە کورتهێنان لە پێدانی مووچەی هەرێم بۆ مانگی شوبات دروست ببێت.
وەزیری دارایی وئابووری ڕوونیکردەوە کە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی (هەژماری من)، لە مێژە دەستی کردووە بە پرۆسەی (توطين ) لەژێر سەرپەرشتی بانکی ناوەندی عێراق.
ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە وەزارەتی دارایی وئابووری و شاندی دانوستانکاری بودجە بۆ ئەو ڕێکارانە، لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە کە نابێت هیچ لەم ڕێکارانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ، ببنە مایەی بێبەشکردنی مووچەخۆرانی هەرێم لە لەمووچەکانیان کە شایستەی دارایی خۆیانە و دەبێت هاوشێوەی مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێ، بۆیە جەخت دەکەینەوە کە پێویستە مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکرێت و نابێت مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بێبەش بکرێن لە ماف و شایستەی دارایی خۆیان، چونکە ئەمە مافی دەستوریی و یاسایی مووچەخۆرانی هەرێمە و نابێت تێکەڵی هیچ ناکۆکیەکی نێوان هەردوو حکومەت بكرێ و کۆسپ و تەگەرە بخرێتە بەردەم خەرجکردنی.
ئەنجومەنی وەزیران هەروەها جەختی کردەوە کە هیچ ڕێگرییەک نیە بۆ پشت بەستن بە پڕۆژەی (هەژماری من) کە پڕۆژەیەکی گرنگ و پێشکەوتووی بانکییە و هاوشێوەی پرۆسەی ( تەوتین)ە و تێچووەکەشی کەمترە و خزمەتگوزاریشی زیاترو باشترە و لە ژێر سەرپەرشتی و ڕێگەپێدانی بانکی ناوەندی عێراق کراوە، بۆیە دەبێ مووچەخۆرانی هەرێم، لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و ( هەژماری من ) ەوە، مووچەی خۆیان وەربگرن وسوودمەندبن لە زۆر خزمەتگوزاریی بانکیی و پێدانی پارە و تەنانەت وەرگرتنی ئاسانکاریی قەرز، پرۆسەکەش بەردەوامە و بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ، هەموو مووچەخۆرانی هەرێم ، حیسابی بانکیان بۆ بکرێتەوە، ئەو بانکانەی لە ( هەژماری من )یش بەشدارن، مۆڵەتپێدراوی بانکی ناوەندی عێراقین و بەشێکن لە پرۆسەی ( توطين) کە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق کراوە.
ئەنجومەنی وەزیران جەختیشی کردەوە کە وەک چۆن مووچەخۆرانی عێراق ، ئازادن لە هەڵبژاردن و دەستنیشانکردنی ئەو بانکانەی حیسابی لێ دەکەنەوە، بە هەمانشێوە، پێویستە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش، ئازادبن کە لە چوارچێوەی ( هەژماری من)دا، لە چ بانکێک حیساب بکەنەوە. کە ئێستا پێنج بانک بەشدارن لە پرۆژەکە و لە ماوەیەکی نزیکیشدا، چەندین بانکی تریش دەبنە بەشێک لە پرۆژەکە.

هەواڵی پەیوەندیدار

تەقینەوەیەک بنکەیەکی هەسەدە لە حەسەکە ڕووی دا

سەڵاح

پیرۆزبایی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی(٦١)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان

یاسین

باڵیۆزی کوەیت لە عێراق سڵاوی ئەمیری کوەیتی بە سەرۆک بارزانی گەیاند

یاسین