پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت و هیچ کێشە و گرفتێکیش رووی نەداوە.
سێ کاتژمێرە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت، لە پارێزگای هەولێریش پرۆسەکە بەردەوامە و تا ئێستا هیچ گرفتێک بۆ پرۆسەکە دروست نەبووە و پرۆسەکە بەردەوامە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ”پرۆسەکە لە سنووری پارێزگای هەولێر زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت و هیچ گرفتێک نەبووە و هەموو هێزە ئەمنییەکان بە شێوەیەکی زۆر باش بەشدارن لە پرۆسەکە و تا ئێستاش هیچ پێشێلکارییەك تۆمار نەکراوە.
ئومێد خۆشناو گوتیشی: ”سەرجەم رێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان جێبەجێ کراون، بردنەژوورەوەی مۆبایلیش بۆ ناو بنکەکانی دەنگدان بەپێی رێنماییەکان قەدەغەیە، جگە لە کارمەندانی کۆمسیۆن هیچ کەسێکی دیکه دەسەڵاتدار نییە لە بنکەکاندا.“

