ئەمشەو شەممە رێکەوتی 27.12.2025 بەئامادەبوونی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێرو سەروەر کەمال هاواری بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و رێبین ئەحمەد بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکان و ژمارەیەکی زۆر لە میوان و گەشتیاران، چوارەمین فیستیڤاڵی سەری ساڵی نوێ زاینی لە بەردەم پارکی شانەدەر کرایەوە …
لەو فیستیڤالەدا بە دەیان دوکان و خێمە ئامادەكراون و دراون بە كاسبكاران بۆ ئەوەی بەرهەمەكانی خۆیانی لێ بفرۆشن ….
ئامانج لەم فیستیڤاڵە فەراهەم کردنی هەلی كارە بۆ كاسبكاران و دروستكردنی كەشێكی خێزانیە بەبۆنەی سەری ساڵی زاینی، هەروەها خزمەتگوزاریە بۆ گەشتیاران، كە سەردانی هەولێریان کردووە .
زۆربەی بەرهەمەکانی ئەم فێستیڤاڵە کەرەسەو خواردەمەنی خۆماڵی، کوردەوارییەکان و کارە دەستییەکانە و چەندین بابەتی دیکە لەخۆ دەگرێت، ئەوەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ فرۆش و بازاڕکردنی کاسبکاران، لە هەمان کاتدا بووەتە مایەی دڵخۆشی ئەوانەی دەرفەتی کاریان بۆ ڕەخساوە. هەر بەو بۆنەیەوە چەندین بەرنامەی هونەری ئاهەنگ ئامێز بۆ گەشتیاران ئامادە کراوە ..
پارێزگاری هەولێر، یەکە یەکەی بەشداربووانی فیستیڤاڵەکەی بەسەرکردەوەو دەستخۆشی و بەردەوامی بۆ خواستن ..
شایەنی باسە، پارێزگای هەولێر بە هاوبەشی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر، ئەمساڵ و لە ساڵانی پێشوودا هەفتە ئاهەنگ و فێستیڤاڵی بەبۆنەی سەری ساڵەوە لە چەندین جێگەی جیاواز رێكخستووە …

