بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی وەبەرهێنانی ئێران ڕایگەیاند، ٢٣ یادداشتی هاوکاری لە بوارەکانی وزە، گواستنەوە و گەیاندن، بازرگانی، هەناردەکردنی خزمەتگوزارییە تەکنیکی و ئەندازیارییەکان و وەبەرهێنان و دارایی و بانکیدا ئامادە کراون بۆ ئەوەی لە نێوان ئێران و عێراقدا واژوو بکرێن.
“عەلی فکری” بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی وەبەرهێنانی ئێران لە پەراوێزی شەشەمین کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی هاوکارییە ئابوورییەکانی ئێران و عێراق لە تاران بە مێدیای ئەم وڵاتەی گوت: لە ماوەی ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممەدا لیژنەکانی هەردوولا نێوەرۆکی یادداشتەکان تاوتوێ دەکەن و دوای ڕێککەوتن لەسەریان لەلایەن بەرپرسانی باڵای هەردوو وڵاتەوە واژوو دەکرێن.
شەشەمین کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی هاوکارییە ئابوورییەکانی ئێران و عێراق لە تاران بە بەشداریی شاندێکی باڵای وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە تاران بەڕێوە دەچێت.