ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

سه‌باره‌ت به‌په‌نابه‌ران، یۆنان تۆمەتەکانی تورکیا ڕەت دەکاتەوە

 

پاسەوانی کەنار دەریای یۆنان تۆمەتەکانی وەزارەتی بەرگری تورکیای ڕەت کردەوە لەسەر ئەوەی گوایە بەلەمی کۆچبەرەکانییان لە دوورگەکانی لیسبۆسی یۆنانەوە بۆ سنووری ئاویی تورکیا ڕەوانە کردبێتەوە.

پێشتر وەزارەتی بەرگری تورکیا ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە لە ڕێی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە گیراوە و تێیدا ئۆپەراسیۆنێکی هێزی پاسەوانی کەناری دەریای یۆنان پیشان دەدات، دەڵێت کەشتییەک لە باکووری دوورگەی لێسبۆسی یۆنانی پاڵ بە بەلەمێکی کۆچبەرانەوە بۆ ناو ئاوەکانی تورکیاوه‌ دەنێت.

وەزارەتی بەرگری تورکیا لە ئێکس نوسیویەتی ” دەستبەجێ سەرکردایەتی پاسەوانی کەنار دەریا ئاگادار کرایەوە و کۆچبەرانی پەیوەندیدار لەلایەن پاسەوانی کەنار دەریاوە ڕزگارکران.”

بەرپرسێکی باڵای پاسەوانی کەنار دەریای یۆنان وەڵامیدایەوە و وتی ” ئەمە بە هیچ شێوەیەک پاڵنان نەبووە، ئەمە ڕێگریکردنە لە هاتنە ناو ئاوەکانی یۆنانەوە بە شێوەیەکی نایاسایی.”

یۆنان کە یەکێکە لە ڕێگاکانی کۆچبەران و پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا و ئەفریکا بۆ گەیشتن بە یەکێتی ئەوروپا، لەلایەن ڕێکخراوەکانی یارمەتییەکانەوە تۆمەتبار کراوە بە تۆمەتی ڕەتکردنەوەی کۆچبەران لە سنوورە ئاوی و وشکانییەکاندا، کە بە ” پاڵنانییان بۆ دواوە ” ناسراوە و ئەوەش کارێکی نایاساییە.

یۆنان و تورکیا کە هەردووکیان ئەندامن لە ناتۆدا، لە مێژە ناکۆکییان هەیە لەسەر پرسەکانی وەکو سنووری ئاوی نێوانییان و سەرچاوەکانی وزە و گەشتەکان بەسەر دەریای ئیجەدا، هەروەها لەسەر قوبرس کە دابەشبووە بەسەر دوو نەژادی جیاوازدا.

ئەم ڕووداوە دوو ڕۆژ دوای ساڵیادی 50 ساڵەی داگیرکارییەکەی تورکیا دێت لە بەشێکی قوبرسدا.

یۆنانییەکانی قوبرس کە لە باشووری قوبرسن یەکخستنەوەیان لەگەڵ باکوور وەکو فیدراسیۆنێک دەوێت، بەڵام تورکەکانی قوبرس لە باکوور چارەسەری دوو دەوڵەتییان دەوێت.

ئەمەش هێشتا بابەتێکی هەستیارە لە نێوان دوو وڵاتەکەدا، هەروەها بووەتە جۆرێک لە ڕێگر لەبەردەم هەوڵەکانی تورکیادا بۆ پەیوەندیکردن بە یەکێتی ئەوروپاوە، هەروەها کۆسپی خستووەتە بەردەم دۆزینەوەی وزەوە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەنددا چونکە ئەو ناوچە ئاوییە ناکۆکی نێوان دوو وڵاتەکەی لەسەرە.

لە ساڵی 2023 دا یۆنان و تورکیا ڕازیبوون لەسەر باشکردنەوەی پەیوەندییەکانییان، نەخشە ڕێگایەکییان دانا بۆ دەستپێکردن بە سەردامێکی نوێی پەیوەندییەکی نزیکتر لە نێوانییاندا.

هەواڵی پەیوەندیدار

‎ی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بەشداری لە (هەژماری من ) دەکات

گوران

کەشناسی : پلەکانی گەرما کەمێک نزم دەبێتەوە

یاسین

شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە کۆبوونەوەدان

سەڵاح