ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

ئێران داوای گفتوگۆ له‌ یەکێتی ئەوروپا دەکات

دوابەدوای پەیوەندییەکی تەلەفونی لەگەڵ دیبلۆماتکاری باڵای یەکێتی ئەوروپادا بۆ چارەسەرکردنی پەیوەندییە دوو لایەنییەکەی نێوانییان، وەزیری نوێی دەرەوەی ئێران عەباس ئارەقچی داوای گفتوگۆ لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا دەکات.

ئارەقچی لە بەیاننامەیەکدا وتی ” کۆماری ئیسلامی ئێران پێشوازی لە گەشەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا دەکات لە ژینگەیەکدا کە لە ڕێزگرتن لە یەکترەوە سەرچاوەی گرتبێت.”

لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و یەکێتی ئەوروپا خراپتر بوون.

یەکێتی ئەوروپا لۆمەی ئێران دەکات لەسەر ئەوەی شکستی هێناوە لە سنووردارکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانیدا، پشتیوانی بۆ حەماسی فەلەستینییەکان دابین دەکات و پشتگیری لە جەنگەکەی ڕووسیا دەکات لە ئۆکرانیادا، هەروەها مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکات.

ئارەقچی وتی گەشەپێدانی پەیوەندییەکان ” بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان دوو لایەنەکە و ڕاستکردنەوەی سیاسەتە بە هەڵە ئاڕاستەکراوەکانی وڵاتانی ئەوروپا، پێویستی بە گفتوگۆ هەیە.”

لەلای خۆیەوە بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی کە لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەیدا ” تاوتوێی ئەگەری گفتوگۆیەکی نوێیان کردووە لەسەر سەرجەم بوارەکانی بەرژەوەندی هاوبەش.”

لە گفتوگۆکەدا باس لە ” پێویستییەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان ” و ” ڕاگرتنی هاریکارییە سەربازییەکان ” لەگەڵ ڕووسیا دژی ئۆکرانیا و قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی کراوە.

بۆڕێڵ وتی ” گفتوگۆی گرنگ زۆر پێویستن بۆ نەهێشتنی گرژییەکانی ناوچەکە.”

ئێران و حزبوڵای هاوپەیمانی هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەیان لە ئیسڕائیل کردووە دوای ئەوەی مانگی ڕابردوو سەرکردەی سیاسیی حەماس ئیسماعیل هەنییە لە تاران کوژرا و فەرماندەیەکی باڵای حزبوڵا لە بەیروت کوژرا.

وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا وتی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ستێفان سیجۆرن لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ ئارەقچی داوای لە ئێران کردووە ” هەرچی لە توانایدا بێت بیکات بۆ خۆبەدوورگرتن لە زیادکردنی گرژییەکانی ناوچەکە ” و وتی ئەوە ” لە بەرژەوەندی هیچ کەسێکدا نیە.”

وتی سیجۆرن جەختی لەوە کردووەتەوە تاران داوا لە گروپە چەکدارییەکانی ناوچەکە بکات ” دان بە خۆیاندا بگرن.” ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ گروپە چەکدارییەکانی حەماس و حزبوڵا و حوسییەکانی یەمەن و گروپە چەکدارییە شیعەکانی ناو عێراق.

تاران وتی ئارەقچی لە ڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا دەیڤد لامیدا قسەی کردووە.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی ئارەقچی بە لامی وتووە ” کۆماری ئیسلامی نایەوێت جەنگەکە درێژ بکاتەوە یان گرژییەکانی ناوچەکە زیاد بکات، بەڵام لانادات لە مافی خۆی بۆ وەڵامدانەوەی کردەوە تیرۆریستییەکانی ڕژێمی زایۆنی.”

لامی لە ئێکس نوسیویەتی جەختی کردووەتەوە لەوەی ” دەبێت خۆمان بە دووربگرین لە پەرەسەندنی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.”

لامی وتی ” گەیشتن بە ئاگربەستێک، گەیاندنی یارمەتی زیاتر بۆ ناو غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان زۆر گرنگن بۆ سەقامگیریی ناوچەکە.”

 

voa

هەواڵی پەیوەندیدار

وه‌زیری ناوه‌خۆ : هه‌رێمی كوردستان هەرگیز سەرچاوەی مەترسی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ نەبووە

یاسین

خوێندنى باڵا سکۆلەرشیپى خوێندنى (ماستەر و دکتۆرا) لە وڵاتى کۆریاى باشوور بڵاودەکاتەوە

یاسین

ڕاگه‌يه‌نراوێك له‌ سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌

یاسین