وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشکرای دەکات، پێدانی کارەبای نیشتمانی گەیشتە 20 کاتژمێر و دەشڵێت: “ئەمڕۆ 90%ی مۆلیدە ئەهلییەکان کوژاونەتەوە و کارەبای نیشتمانی هەیە“
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند: “تاوەکوو دوێنی ئێمە بەگشتی 16 بۆ 17 کاتژمێر کارەبامان داوە، بەڵام 17 کاتژمێرەکە ئێستا کەمترینە و ئەمڕۆ زیاتر بووە و بەپێی بەدواداچوونمان، ئەمڕۆ 90%ی مۆلیدە ئەهلییەکان کوژاونەتەوە و کارەبای نیشتمانی هەیە.”
ئەو هەواڵێکی خۆش بە هاووڵاتییان دەدات و دەڵێت: “بەپێی دواڕاپۆرتەکانی تیمەکانمان و کۆنترۆڵی کارەبا، دەتوانین بڵێین، کەمترین پێدانی کارەبا 17 کاتژمێرە و زۆرترینیش 20 کاتژمێر دەبێت و ئەوەش لەم دوو ڕۆژەی قەدەغەی هاتوچۆ زیاتر دەبینرێت و هاووڵاتیان هەستی پێ دەکەن.”
گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا ڕوونیشی دەکاتەوە: “یەکەمجارە لە مێژوودا پێدانی کارەبا لە مانگی 11 بەو ئاست و ڕێژەیە باشە بێت، چونکە ئەم مانگە دەچینە نێو سەرما و بەکارهێنانی ئامێرەکانی گەرمکەرەوە، پێدانی لەنێوانی 16 بۆ 17 کاتژمێر ماوەتەوە.”
ئومێد ئەحمەد ئاشکراشی کرد، سێ هەزار و 400 بۆ سێ هەزار و 700 مێگاوات لەبەردەستدایە.