ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

په‌یامێك له‌ پارێزگاری هه‌ولێره‌وه‌ به‌بۆنه‌ی كۆتایی ساڵه‌وه‌

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر له‌ باره‌ی كۆتاییهاتنی ساڵی 2024، په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ساڵێکی زەحمەت و قورسمان بەڕێکرد، بە گەشبینیەوە ڕوو لەساڵێكی باشترده‌كه‌ین.

له‌  به‌شێكی په‌یامه‌كه‌ی ئومێد خۆشناودا هاتووه‌، خه‌ریكه‌ خواحافیزی له‌ سالی 2024 ده‌كه‌ین و پێ ده‌خه‌ینه‌ ساڵی نویێ 2025 ئه‌وله‌ویه‌تی كاره‌كانی حکومەت له‌ ساڵی 2024 به‌ر له‌ هه‌ر شتتێك پاراستنی ته‌ناهی و ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان بووه‌، به‌جۆرێك به‌های ئه‌و ستراتیژیه‌ته‌ باجی زۆری به‌دوای خۆیدا هێنا، كه‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی به‌غدا قسوری نه‌كرد له‌ ده‌ست بردن بۆ قووتی هاونیشتیمانیانمان و به‌ هه‌موو شێوازێك له‌ ئه‌ردو ئاسمان دژایه‌تی و ململانێ كردین خستینییە قەیرانی داراییه‌وه‌، ئه‌وه‌ سه‌ر له‌به‌ری ئه‌و پلان و نه‌خشه‌یه‌ی لێ ئاڵۆز كردین، كه‌ وه‌كو پلانی په‌ره‌پێدان ونه‌خشه‌ی ستراتیژی بۆ ساڵی 2024 هێلمان بۆ كێشابوون و گفتمان دابوو كه‌ بۆ ئه‌‌مساڵ رووناكی به‌خۆیانه‌وه‌ ده‌بینن.

پارێزگاری هه‌ولێر ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه‌، هاوكات پرۆژه‌یه‌كی دیكه‌ی ستراتیژی، كه‌ لە چوارچێوەی گرنگیدانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە رێگه‌وبان له‌شاری هه‌ولێر، بە گوژمەی ملیاره‌ها دینار جێبه‌جێ ده‌كرێ، پڕۆژه‌ی دووسایدی رێگه‌ی نێوان هەولێر – كۆیە یه‌ .

ده‌قی په‌یامی پارێزگاری هه‌ولێر:

خه‌ریكه‌ خواحافیزی له‌ سالی 2024 ده‌كه‌ین و پێ ده‌خه‌ینه‌ ساڵی نویێ 2025 ئه‌وله‌ویه‌تی كاره‌كانی حکومەت له‌ ساڵی 2024 به‌ر له‌ هه‌ر شتتێك پاراستنی ته‌ناهی و ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان بووه‌، به‌جۆرێك به‌های ئه‌و ستراتیژیه‌ته‌ باجی زۆری به‌دوای خۆیدا هێنا، كه‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی به‌غدا قسوری نه‌كرد له‌ ده‌ست بردن بۆ قووتی هاونیشتیمانیانمان و به‌ هه‌موو شێوازێك له‌ ئه‌ردو ئاسمان دژایه‌تی و ململانێ كردین خستینییە قەیرانی داراییه‌وه‌، ئه‌وه‌ سه‌ر له‌به‌ری ئه‌و پلان و نه‌خشه‌یه‌ی لێ ئاڵۆز كردین، كه‌ وه‌كو پلانی په‌ره‌پێدان ونه‌خشه‌ی ستراتیژی بۆ ساڵی 2024 هێلمان بۆ كێشابوون و گفتمان دابوو كه‌ بۆ ئه‌‌مساڵ رووناكی به‌خۆیانه‌وه‌ ده‌بینن، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا، چونكه‌ ئیمانمان به‌ پیرۆزی خاك له‌ هه‌موو ئه‌و ته‌نگه‌ژانه‌ گه‌وره‌تر بوون، بۆیه‌ بە پشتیوانی سەرۆکوەزیران به‌رده‌وام بووین له‌سه‌ر نه‌هجی خۆمان كه‌ یه‌كێك بوو له‌و پرسانه‌ی له‌ناو كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جێگه‌ی بۆ كرابووه‌وه‌‌، له‌م نێوه‌نده‌شدا پرسی هه‌مه‌جۆره‌كانی خزمه‌ت كردنی هاوڵاتیان و پڕكردنه‌وه‌ی كه‌لێنه‌كان به‌شێك بوونه‌ له‌و ئه‌وله‌ویاتانه‌ی حكومه‌ت كاری له‌سه‌ر كردووه‌، هه‌ولێریش به‌حوكمی پایته‌خت بوونی، زۆرترین قوربانی به‌ركه‌وتووه‌و هه‌وڵه‌كانیش له‌ ئیداره‌ی خۆجه‌یی به‌و ئاراسته‌یه‌ بوونه‌، كه‌ به‌یه‌ك تیمی كاری هه‌ره‌وه‌زی باشترین خزمه‌ت پێشكه‌شی هاوڵاتیانمان بكه‌ین .   

له‌ژێر رۆشنایی هه‌مان پلانی ساڵی 2024 بۆ پرسی په‌ره‌پێدان و پرۆژه‌ ستراتیژییه‌كان خۆشبه‌ختانه‌ بریاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران وایه‌ كه‌ به‌رده‌وامی به‌و پرۆژه‌ هه‌مه‌ لایه‌ن و پلانانه‌ بدرێ كه‌ به‌ هه‌ر هۆكارێك بووبێت چانسی ته‌واوكردنی بۆ نه‌لواوه و ته‌واو نه‌كراون له‌ ساڵی 2024، كه‌ وه‌ك خۆی ته‌واو بكرێن و بكه‌ونه‌ ژێر رۆشنایی خزمه‌تی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان. له‌ راستیدا ئه‌م ئاماژه‌ كورته‌ بێ پێشینه‌ نه‌بووه‌، چونكه‌ وه‌ك هه‌موو لایه‌كمان ده‌زانین، پرۆسه‌ی گۆڕانكاری به‌ به‌رنامه‌ له‌ كۆی بونیادی كۆمه‌ڵگاكاندا، له‌ رێگای سیاسه‌تی ستراتیژی گه‌شه‌پێدانی ئابووری و پرۆژه‌ی مه‌زنی پیشه‌سازی كردن وبونیادنانی ژێرخانێكی به‌هێزو به‌رزكردنه‌وه‌ی داهاتی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ به‌دی دێت.

دیاره‌ له‌م گۆشه‌نیگایه‌، مه‌به‌ستمان خزمه‌تگوزاریه‌كانی وه‌كو ته‌ندورستی و په‌روه‌رده‌وفێركردن و كاره‌با و رێگاوبان وئاوو ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و ژینگه‌ و شتی دیكه‌ی گشتی هه‌یه‌. كه‌ موسته‌حیل نییه‌ ئێمه‌ش هاوشێوه‌ی گه‌لانی دیكه‌ی جیهان پشت به‌ خۆمان ببه‌ستین، به‌ به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی، به‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كی قوڵی ره‌وشی گۆرانكارییه‌كانی ده‌ورووبه‌رمان، له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی دروست، كاری جیدیتر بكه‌ین و خه‌مخۆرانه‌تر پرۆژه‌ی نیشتیمانی به‌دی بهێنین.

لێره‌شدا زۆر پێویسته‌ رۆحی لێپرسینه‌وه‌ له‌هه‌ر پرۆژه‌یه‌كدا زیندوو بكه‌ینه‌وه‌، تاوه‌كو كه‌س دادپه‌وه‌ری و هاوسه‌نگیمان پێ نه‌فرۆشێته‌وه‌، دڵنیایی بده‌ینه‌ خه‌ڵكی كوردستان، كه‌ چاره‌نووسیان له‌ ده‌ستێكی ئه‌میندایه‌، به‌وه‌ش سه‌رچاوه‌ی متمانه‌ له‌ نێوان حكومه‌ت و هاوڵاتی پته‌وتر بكه‌ین.  

بێگومان بۆ هه‌ر پرۆژه‌یه‌كی گشتی خزمه‌تگوزاری، هه‌لومه‌رج و بنه‌ما و میكانیزمی تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌یه‌، به‌ تایبه‌ت ئه‌و پرۆژانه‌ی خه‌سڵه‌ت و سیفاتی گشتگیریان هه‌یه‌، دیاره‌ ئه‌مه‌یان پێویستی به‌ پلانی تۆكمه‌ و بونیادنانه‌وه‌ هه‌یه. ئێمه‌ش وه‌ك تیمی پارێزگای هه‌ولێر له‌و چوارچێوه‌یه‌ كاره‌كانی خۆمان ڕایی كردووه‌. كه‌ به‌پێویستی ده‌زانین ئاماژه‌ به‌ هه‌ندێك له‌و پرۆژه‌ خزمه‌تگوزاریانه‌ بده‌ین كه‌ به‌ته‌واو بوونی هه‌ولێری پایته‌خت گۆڕانكاری نه‌وعی به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێ و بازدانێكی گه‌وره‌ له‌سه‌ر ئاستی پێشكه‌وتن ده‌هاوێژێ به‌ جۆرێك ئاماژه‌كانی ئه‌م پێشكه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موار كردنه‌وه‌ی ماسته‌ر پلانی هه‌ولێر وه‌كوو سه‌نته‌رێكی بازرگانی نێوده‌وڵه‌تی و تایبه‌تمه‌ندییه‌تی شاری هه‌ولێر وه‌كوو پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان و ناوه‌ندێكی گه‌شتیاری ده‌باته‌  قۆناغێکی نوێوه‌ هه‌روه‌ها ئاو، ئاوه‌ڕۆ، كاره‌با، ژینگه‌، پیشه‌سازی، ئابووری و كولتووری و گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن خۆپاراستن له‌ لافاو و خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییه‌كان و چه‌ندین بواری دیكه‌ش، له‌م پرۆژه‌یه‌دا جێگه‌یان كراوه‌ته‌وه و كاریان له‌سه‌ر كراوه‌‌. به‌شێوه‌یه‌ك ئامانجی هەموارکردنەوەی ماستەرپلانی هەولێر، ئاراستەکردنی گەشەکردنی شاری هەولێرە تا ساڵی ٢٠٥٠ .

وه‌كو خالی كارو پرۆژه‌ی ستراتیژی ناكرێ ئاماژه‌ به‌ پرۆژه‌ی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هه‌ولێر نه‌ده‌ین، كه‌ پرۆژەکە بە گوژمەی نزیكەی 480 ملیۆن دۆلار، به‌ ته‌واوبوونی پرۆژه‌كه،‌ كێشه‌ی كه‌مئاوی له‌ شاری هه‌ولێر بۆ ماوه‌ی 30 ساڵ چاره‌سه‌ر ده‌كات.

پرۆژه‌ی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هه‌ولێر، له‌ ڕۆژێكدا 480 هه‌زار مه‌تر سێجا ئاو دەپاڵێوێت، بۆ هه‌ر كاتژمێرێك 20- 21 هه‌زار مه‌تر سێجا ئاوی خاوێن بۆ گه‌ڕه‌كه‌كانی شاری هه‌ولێر دەنێرێت. پرۆژه‌كه‌ به‌ چوار هێڵی سه‌ره‌كی له‌ نێوان گه‌ڕه‌كه‌كانی نێوان شه‌قامی 120 مه‌تری و شه‌قامی 150 مه‌تری جێبه‌جێ ده‌كرێت؛ كه‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی نێوان ئه‌و شه‌قامانه‌ و ده‌ره‌وه‌ی شه‌قامه‌كان و هه‌ریه‌ك له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی داره‌توو، بنه‌سڵاوه‌، كه‌سنه‌زان، پیرزین، شاوێس، بەحركه‌، عەنكاوه‌ و سێبیران لێی سوودمه‌ند ده‌بن.

پرۆسه‌ی وه‌رگرتنی ئاوی پرۆژه‌كه‌ له‌ زێی گه‌وره‌ ده‌ست پێده‌كات و پاككردنه‌وه‌ و پاڵاوتنی ئاوه‌كه‌ و فلته‌ركردن و كلۆركردنی‌ ئاوه‌كه‌، به‌ ستانداردی ڕێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی WHO) ) جێبه‌جێ ده‌كرێت.

شایه‌نی باسكردنه‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ وێرای نه‌هێشتنی كێشه‌ی كه‌مئاوی له‌ شاری هه‌ولێر، هاوكات ده‌بێته‌ هۆی داخستنی زیاتر له‌ هەزار بیری ئاو، به‌ مه‌به‌ستی پاراستنی ئاوی ژێرزه‌وی و بەفیڕۆنەدانی.

هاوكات پرۆژه‌یه‌كی دیكه‌ی ستراتیژی، كه‌ لە چوارچێوەی گرنگیدانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە رێگه‌وبان له‌شاری هه‌ولێر، بە گوژمەی ملیاره‌ها دینار جێبه‌جێ ده‌كرێ، پڕۆژه‌ی دووسایدی رێگه‌ی نێوان هەولێر – كۆیە یه‌ .

رێگەی دووسایدی هەولێر – کۆیە، كه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌ناو خه‌لك به‌رێگه‌ی مه‌رگ ناسراوه‌ لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری هاوڵاتییان و باشترکردنی ڕەوشی هاتووچۆ و گرنگیدان بە ڕێگا و بان و شەقامەکان دەستکراوە بە نۆژەنکردنەوەی له‌ پلاندایه‌ هه‌موو هه‌ولێك بخرێته‌ گه‌ر تاوه‌كو له‌م ساڵی تازه‌دا كۆتایی پێ بێت و له‌ رێگه‌ی مه‌رگه‌وه‌ بكرێته‌ رێگه‌ی هه‌ڵكێشانی هه‌ناسه‌ی ئۆخه‌ی و كۆتایی هێنان به‌و تراژیدیایه‌ی ساڵانێكه‌ به‌رده‌وامه‌ .

پرۆژه‌یه‌كی دیكه‌ی ستراتیژی كه‌ ناكرێ له‌ ماڵئاوایی ساڵی 2024 ئاماژه‌یی پێ نه‌كرێ، پرۆژەی ستراتیژی ئاوی قوشتەپە و گوندەكانی دەوروبەری لە سنووری پارێزگەی هەولێره‌. پرۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەوروبەری، لەسەر فەرمانی رێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت.

یەكێكە لە پرۆژە گەورە و ستراتیژییەكانی شاری هه‌ولێر، لە ڕۆژێكدا توانای بەرهەمهێنانی ٧٢ هەزار مەتر سێجا ئاوی خواردنەوەی هەیە و كێشەی كەمئاوی سنوورێكی فراوانی دەوروبەری هەولێر چارەسەر دەكات و ئاوەدانی بۆ ئەو ناوچە گەورە و گرنگه‌ دەگەڕێنێتەوە.

هه‌روه‌ها ته‌واو كردنی رێگه‌ی دوو سایدی هه‌ولێر دھۆک، كه‌ به‌ رێگه‌ی گه‌زنه‌ ناسراوه‌، به‌م شێوه‌یه‌ ئێستا رێگه‌یه‌كی دوو سایدی مۆدێرن هه‌ولێر به‌ دهۆك ده‌گه‌ێنێ.

سه‌رباری كردنه‌وه‌ی به‌نداوه‌كانی چه‌مه‌رگه‌و به‌ستۆره‌و گۆمه‌سپان، كه‌ تاكه‌ به‌نداوی كۆنكرێتییه‌ له‌ هه‌موو عێراق و ده‌بێته‌ سێیه‌م گه‌وره‌ترین به‌نداو له‌ هه‌رێمی كوردستان، توانای گلدانەوەی ملیۆنها مەتر سێجا ئاوی هەیە سەرچاوەیه‌كی گرنگی دابینکردنی ئاوی پاکه‌ و بۆته‌‌ ناوچه‌یه‌كی گه‌شتیاریی سه‌رنجڕاكێش. سه‌رباری ده‌یان پۆندی دیكه‌ی گلدانه‌وه‌ی ئاوی باران كه‌ راسته‌وخۆ كاریگه‌یان هه‌یه‌ به‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی لافاو، وێرای سه‌دان پرۆژه‌ی گه‌وره‌و بچووكی دیكه‌ له‌ قیرتاو كردنی گه‌ره‌كه‌كان( به‌تایبه‌ت گه‌ره‌كه‌ هه‌ژار نشینه‌كان) له‌ شارو گوندو ناحیه‌كان، ئه‌وه‌ش له‌و روانگه‌وه‌ی كه‌ سیاسه‌تی جێبه‌جێكردنی پلانه‌كانی خزمه‌تگوزاری له‌شاری هه‌ولێر، راگرتنی هاوسه‌نگی و بالانسی هه‌ردووك شارو گوند بووه‌ له‌رووی پێشكه‌شكردنی پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری جیاوازیان له‌ نێواندا نه‌كرێ.

پێویسته‌ له‌م ده‌رفه‌ته‌دا ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ش بدركێنین كه‌ زۆربه‌ی پرۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان به‌ر هه‌ولێر كه‌وتووه‌، یان راستر بڵێن هه‌ولێر له‌پێشه‌نگایه‌تیدایه‌. به‌جۆرێك زیاتر له‌ سه‌دا 66 پرۆژه‌كانی هه‌رێمی كوردستان‌ له‌ هه‌ولێرن، ئه‌وه‌ش به‌مانای ئیمتیازدان نییه‌ به‌ هه‌ولێر، به‌لكو داخوازی پاڵنه‌ری ئه‌و پرۆسه‌یه‌ بووه‌ .

سه‌رباری ئه‌و پرۆژانه‌ی له‌ سێكته‌ره‌ جیاوازه‌كان ده‌گرێته‌وه‌ له‌ هه‌ولێر  به ‌تایبه‌ت له‌ بواره‌كانی په‌روه‌رده‌، ته‌ندروستی، له‌ رێگه‌ی پرۆژه‌ی هاوبه‌شی حكومی و كه‌رتی تایبه‌ت به‌ ده‌یان قوتابخانه‌ و داینگه‌و نه‌خۆشخانه‌و هێنانی ئامێری پێشكه‌وتوویی ته‌ندروستی بۆ نه‌خۆشخانه‌ گشتییه‌كان به‌به‌رده‌وامی ئه‌نجام ده‌درێ، له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ش ئه‌ولاتر نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌كانی رزگاری و فریاكه‌وتنه‌، كه‌ خه‌ڵكێكی زۆری شاری هه‌ولێر و شاره‌كانی دیكه‌ رووی لێ ده‌كه‌ن .

خالێكی دیكه‌ی زۆر ستراتیژی و گرنگ بریتییه‌ له‌ ئیداره‌دانی قه‌یرانی ئاوه‌ له‌ هه‌ولێر كه‌ كێشه‌یه‌كی به‌رده‌وام بووه‌ له‌ هه‌ولێر، به‌ڵام به‌ هه‌ول و جهودی تیمی یه‌كگرتووی حكومه‌ت ئه‌مساڵ زۆر باشتر بوو له‌ ساڵانی پێشوتر و توانراوه‌، تا راده‌یه‌كی باش ئه‌و قه‌یرانه‌ كۆنترۆل بكرێ، بۆ ساڵه‌كانی داهاتووش بێگومانین باشتر ده‌بێت . هاوكات ئاماده‌باشی بۆ وه‌رزی زستان به‌رده‌وامی هه‌یه‌، چونكه‌ سروشتی ئه‌و كاره‌ پێویستی به‌ كاری به‌رده‌وامی هه‌ره‌وه‌زی هه‌یه‌. بۆ ئه‌وه‌ش هه‌وڵی جیدی و ڕشت هه‌یه‌ بۆ كردنه‌وه‌ی رێره‌وه‌ سروشتییه‌كان و وه‌لاوه‌ نانی هه‌موو سه‌رپێچیه‌كان، له‌م باره‌وه‌ سه‌دان كیلۆمه‌تر كه‌ندی سروشتی خاوێن كراونه‌ته‌وه‌، وێرای پرۆژه‌كانی ئاوەڕۆی سه‌ندوقی و لووله‌یی، ئه‌وانه‌ هه‌موویان مه‌ترسی دروستبوونی لافاویان كه‌متر كردۆته‌وه‌.

له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ گرنگتر، كه ‌وه‌كو خالی ستراتیژی ئاماژه‌ی بۆ بكه‌ین ئارامی شاری هه‌ولێره‌، كه‌ بۆته‌ شوناسی پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان هه‌ولێرو ئارامی و ئاوه‌دانی و پێكه‌وه‌ژیان و میوان دۆستی خه‌ڵكه‌كه‌ی، گرنگترین ئه‌و هۆكارانه‌ن كه‌ هه‌رێمی كوردستانی له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌ و جیهان له‌لایه‌ك كردووه‌ته‌ په‌ناگه‌یه‌ك بۆ خه‌ڵكی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق و له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ بووه‌ته‌ رووگه‌ی گه‌شتیارانی ناوچه‌كه‌.

 شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان، به‌ هۆی ئارامی و سه‌قامگیرییه‌ ئه‌منی و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌یه‌وه‌، بووه‌ته‌ رووگه‌ی به‌رپرسانی باڵای وڵاتان و دبلۆماتكاران به‌گشتی. به‌جۆرێك جیاوازیه‌كی زۆر له‌ نێوان هه‌ولێرو شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق به‌دی ده‌كرێ‌، به‌تایبه‌تی له‌ رووی ته‌ناهی و سه‌قامگیریه‌وه‌.

  ئه‌م ئاماژانه‌ش شاری هه‌ولێری له‌ قۆناغێكه‌وه‌ گواستۆته‌وه‌ قۆناغێكی دیكه، نابێ له‌م نێوه‌نده‌ش رۆڵی سەرجەم ھێزەکانی ناوخۆو پێشمەرگەو ئەنجومەنی ئاسایش و دژە تیرۆرو ئاسایش و پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆ ھتد ….له‌یاد بكه‌ین كه‌ شەونخونی و ھەوڵەکانیان بۆتە ھۆکاری پاراستنی ئارامی هه‌ولێر

 ئه‌وه‌ی روونه‌ شاری هه‌ولێر له‌ كۆنترین شاره‌كانه‌‌ له‌ مێژوودا، به‌رده‌وام بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ حه‌وت هه‌زار ساڵه‌ ژیانی تێدایه‌، هه‌وێنی دروستكردنی شاریش بووه‌ له‌ چه‌ندان شارستانییه‌تی دونیادا.

پێویسته‌ ئه‌گه‌ر به‌ خالێش بێت ئاماژه‌ به‌ هه‌ندێك ده‌ستكه‌وتی دیكه‌ی گرنگی خزمه‌تگوزاری گشتی بده‌ین كه‌ هاوڵاتیانی هه‌ژارو كه‌مده‌رامه‌ت پشكیان به‌ركه‌وتووه‌ له‌وانه‌:

_ له‌رووی كارگێریه‌وه‌ چه‌ندین قائیمه‌قامیه‌ت و ناحیه‌ هاتۆته‌ ئاره‌وه‌ بۆ ئاسانكاری كاروباری هاوڵاتیان .

_هێلكاری و نه‌خشه‌ كێشانه‌كانی هاتوچۆ به‌به‌رده‌وامی بۆ رێكخستنه‌وه‌ی كاروباری هاتوچۆكردن .

_پرۆسه‌ی پاراستنی ژینگه‌ی هه‌ولێرو دروستكردنی پارك و زۆركردنی رێژه‌یی سه‌وزایی .

_هه‌ڵمه‌تی قه‌ده‌غه‌كردنی پالاوگه‌ نایاساییه‌ و موه‌لیده‌كان، كه‌ ده‌بنه‌ هۆكاری پیس بوونی ژینگه‌.

_كاركردنی خێرا له‌  پرۆژه‌ی كه‌رتی هه‌شتی حه‌سارۆك .

_دورستكردنی فه‌رمانگه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی بوونی زیاتر له‌ 130 هه‌زار كارتی زه‌وی هاوڵاتیانی هه‌ولێر، كه‌ ئێستا بۆته‌ سه‌نه‌د.

_سوودمه‌ند بوونی هه‌زاران خانه‌واده‌ی كه‌مده‌رامه‌ت و هه‌ژاری شاری هه‌ولێر له‌ بابه‌تی رێ پێدان به‌ زه‌وی سه‌ندوقی و فراوان كردنی حه‌ره‌می گونده‌كان.

له‌ كۆتایدا پێویسته‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ بكه‌ین كه‌ نهێنی سه‌ركه‌وتنی هه‌موو ئه‌و خاله‌ ستراتیژیانه‌ بیرۆكه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ كه‌ ئه‌ویش كاركردنی یه‌ك تیمی هه‌موو فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌ت دوور له‌ حه‌ساسیه‌ت و ململانێ .

تەواوکردن و دابەشکردنی شوقەی نیشتەجێ بوون بەسەر سەرجەم خانەوادەی سەربەرزی شەھیدانی شەڕی داعش و کردوە تیرۆرستیەکان.

دەیان و سەدانی کاری خێرخوازی و ئاوڕدانەوە لە ئاوارەو پەنابەرو و ھەمانگی پتەوو بەردەوامی نێوان ناوەندی ھاوبەشی قەیرانەکان و دەزگای خێرخوازی بارزانی ، بۆ پرسی خێرخوازی و مرۆیی.

له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا نابێ رۆڵی هه‌ره‌ سه‌ره‌كی ڕێزدار مەسرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ بیر بكه‌ین كه‌ ده‌توانم بڵێم وه‌ك  كاریزمایه‌كی دره‌وشاوه‌ هه‌ر پرۆژه‌یه‌كی خستبامانه‌ به‌رده‌ستی ئه‌گه‌ر پێوه‌ری خزمه‌تگوزاری گشتی پێوه‌ دیار بوایه‌، ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ده‌دا، ئه‌وه‌ش هۆكارێكی به‌هێزی یارمه‌تیده‌ره‌ بووه‌ بۆ به‌رده‌وامی كاره‌كانمان له‌ پارێزگای هه‌ولێر .

هیوادارین له‌سالی 2025 هه‌موو ئه‌و پرۆژانه‌ی له‌ 2024 ته‌واونەکران‌، ته‌واو بکرێن و خزمه‌تی زیاتر به‌ هاوڵاتیانی هه‌ولێر بكه‌ین و برێك له‌و قه‌رزانه‌ سووك بكه‌ین، كه‌ كه‌وتۆته‌ سه‌ر شانمانه‌وه‌ .

خوای گەورە خەڵک و خاکی ھەولێر و کوردستان بپارێزێ….

هەواڵی پەیوەندیدار

نەیشینزلیگ..فەرەنسا هاندەرانی ئاشتکردەوە و سەرکەوتنی بەدەستهێنا

یاسین

ڕاگەیەنراوێك لە بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانەوە

یاسین

پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵیادی پارتی سۆسیاليست دیموکراتی کوردستان

سەڵاح