ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

وەزارەتی کارەبا: خواست لەسەر کارەبا زیادی کردووە

 

وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: لە وەرزی زستانی ئەمساڵدا خواست لەسەر کارەبا حەوت هەزار و 500 مێگاواتی تێ پەڕاندووە.

شەممە، 11ـی کانوونی دووەمی 2025، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ڕایگەیاند: خواست لەسەر کارەبا حەوت هەزار و 500مێگاواتی تێپەڕاندووە، لە کاتێکدا بەرهەمهێنانی کارەبا تەنیا سێ هەزار و 500 مێگاواتە، لە کابینەی نۆیەم هەزار و 500 مێگاوات زیاد کراوە، بەڵام لە هەمان کاتدا 460 هەزار هاوبەشی نوێی کارەبا زیاد بووە و خواستی كارگەكانی چیمەنتۆ و ئاسن و كارگە پیشەسازییەكانی دیكە و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و سیتییەكان لەسەر کارەبا زیاتر بووە. هاوکات نەخۆشخانەکان و پرۆژەکانی ئاو و دامودەزگا ئەمنییەکان و بەندیخانە و خاڵە سنوورییەکان کارەبای بەردەوامیان بۆ دابین کراوە، بۆیە تێکڕای کاتی پێدانی کارەبا لە ساڵی (2024) 12:44 کاتژمێر بووە.

لە ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی کارەبا دا هاتووە: تێچوونی بەرهەمهێنانی کارەبا لەناو قەیرانی دارایی و کێشە تەکنیکییەکانی گواستنەوەی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و هێرشە تیرۆریستییەکانی سەر کێڵگەکانی گاز و شوێنی کارکردنی کۆمپانیای دانەغاز، ئەوەندەی دیکە کاریگەریی نەرێنیان بۆ سەر بەرهەمهێنانی کارەبا دروست کردووە.

وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەش کردووە: “بۆ باشترکردنی دۆخی کارەبا، وێڕای زیادكردنی ئەو هەزار و 500 مێگاواتە، تەنیا لە سێکتەری گواستنەوە زیاتر لە دەیان وێستگەی گواستنەوە و گۆڕین و مۆبیلی کارەبای لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی كوردستان دامەزراندووە و بە درێژایی 350 كیلۆمەتر هێڵی کارەبای 132 كەی ڤیی پاڵەپەستۆی بەرز و 33 كەی ڤی ڕاكێشاوە و سەدان پرۆژەی دیكەی لە تۆڕی دابەشكردنی ناوخۆ بنیات ناوە و کارەبای گەیاندووەتە سەرجەم گوند و ناوچە دوورەکانی هەرێمی کوردستان.”

هەواڵی پەیوەندیدار

پەرلەمانی سویسرا بە فەرمی كۆمەڵكوژی ئێزیدییەكانی بە جینۆساید ناساند

سەڵاح

ئێران: باس لە گران‌کردنی نان دەکرێت

یاسین

هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوردێکیان شەهید كرد

یاسین