میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە ئەمریکا بەمزووانە سزای نوێ بەسەر فڕۆکەخانەکانی بەغدا و نەجەفدا دەسەپێنێت. هەروەها ڕایانگەیاند هێزێکی تایبەتی ئەمریکایی بەبێ ئاگادارکردنەوە چوونەتە نێو فڕۆکەخانەی نەجەف و بە وردی فڕۆکەکانیان پشکنیوە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئەمریکادایە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی جوڵەی پارە و ڕێگرتن لە دابینکردنی پارە بۆ ئێران لە ڕێگەی ئەم فڕۆکەخانانەوە.
سەرچاوەیەک لە فڕۆکەخانەی نەجەف بە میدیاکانی عێراقی ڕاگەیاندووە، هێزێکی تایبەتیی ئەمریکاییی بە چەکەوە، بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار چوونەتە نێو فڕۆکەخانەکە و بە کامێرای تایبەت دەستیان بە پشکنینی ورد کردووە. بە گوتەی سەرچاوەکە، لەگەڵ گەیشتنی ئەم هێزە، دوو هەلیکۆپتەری جۆری بلاک هۆک لە فڕۆکەخانەکە نیشتوونەتەوە و دوای پشکنینێکی ورد فڕۆکەخانەکەیان جێهێشتووە.
هێڵی ئاسمانیی عێراقی ماوەیەکی زۆرە بەهۆی نەبوونی ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی سەلامەتی ئاسمانی لەلایەن کۆمپانیاکە قەدەغە کراوە بەسەر ئاسمانی ئەوروپادا بفڕێت. هەروەها لە ساڵی 2015ـەوە هێڵی ئاسمانیی عێراق قەدەغە کراوە گەشتی فڕۆکەوانی بۆ وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا ئەنجام بدات. لە 22ـی کانوونی دووەمی 2024ـیشدا، ئەمریکا کۆمپانیای فڕۆکەوانیی فلای بەغدادی خستە لیستی سزاکانەوە.
لە بەرانبەردا، فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی هەولێر بە نێوەندێکی گرنگی گواستنەوەی ئاسمانی بۆ جیهان و وڵاتانی ئەورووپا دادەنرێت. تا ئێستاش هەرێمی کوردستان گەشتی ڕاستەوخۆی بۆ 21 وڵات هەیە. لە 23ـی شوباتی 2025ـیشدا، گەشتی ڕاستەوخۆی نێوان فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و فڕۆکەخانەی ئەسینا دەستی پێ کرد و هەفتانە دوو گەشت لە نێوان هەولێر و ئەسینا دەکرێن.

هەواڵی پێشوو