ئەمڕۆ یەکشەممە، لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، حکوومەتی عێراق نیازی هەیە غازی کەنداو لەبری غازی ئێرانی هاوردە بکات، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ئەمەریکا لێخۆشبوونی بۆ عێراق نوێ نەکردەوە.
دوێنێ شەممە، 8-3-2025، ماوەی ئەو لێخۆشبوونەی کە ئەمەریکا بە عێراق بەخشیبوو لەو سزایانەی بەسەر ئێراندا سەپێنراوە کۆتایی هات، هەر بۆیەش حکومەتی بەغدا ناتوانێت ئەو غازەی پیشتر لە ئێرانەوە هاوردەی دەکرد، هیچی دیکە هاوردە بکات، کە بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا بەکاری دەهێنا.
گوتەبێژی ، لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق، عەلی شەداد،بە میدیای ناوخۆی راگەیاند، “کێشەی وەزارەتی کارەبا ئەوەیە ئەو وێستگانەی دامەزراندووە، تەنیا پشت بە غاز دەبەستن، لە کاتێکدا وێستگەکانی بەسرە بە غاز و نەوتی خاو و نەوتی ڕەش کاردەکەن، هەر ئەمەش بووەتە هۆی سەقامگیری سیستەمی کارەبا لە پارێزگاکەدا.”
ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشیکردەوە، “سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕۆژانە بەدواداچوون بۆ تەواوکردنی پرۆژەی بۆری غازی بەسرە دەکات”، ئاماژەیە بۆ ئەوەی وەزارەتی نەوت نزیکەی سی ڕۆژ لەمەوبەر دەستی بە کارکردنی لەسەر کردووە و لەماوەی 120 ڕۆژدا بەخێرایی تەواو دەکرێت.”
ئاماژەی بەوەش کرد، “رێژەی تەواوبوون تا ئێستا 30%ی تێپەڕاندووە”، جەختیشیکردەوە “پڕۆژەکە بەشدار دەبێت لە گواستنەوەی غازی کەنداو بە بڕی 200 ملیۆن مەتر سێجا.”
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئەمڕۆ یەکشەممە کۆتایی هاتنی ئەو لێخۆشبوونانەی پشتڕاستکردەوە کە ڕێگەی بە عێراق دەدا کارەبا لە ئێران بکڕێت، ئەمەش لە چوارچێوەی سیاسەتی زۆرترین فشار کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دژی ئێران پەیڕەوی دەکات.