zagros news agency

خامنەیی: نابێت پرسەکانی وڵات بە دانوستانەکانەوە گرێ بدرێن

عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ١٥ی نیسانی ٢٠٢٥، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سێ دەسەڵاتەکەی وڵاتەکە (یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری)، ڕایگەیاند: “سەبارەت بە دانوستانەکان کاری باش کراوە”، بەڵام جەختی کردەوە “نابێت پرسەکانی وڵات بە گفتوگۆکانەوە گرێ بدرێت.”
خامنەیی ئاماژەی بەوەشکرد “نابێت گەشبینی و ڕەشبینی زیادەڕۆیانە هەبێت” و گوتی: “بۆ بەدیهێنانی ئامانج لە هەموو بوارێکدا، پێویستە بە خێرایی زیاترەوە بەردەوام بین و هیچ شتێک بە ئەنجامی دانوستانەکانەوە گرێ نەدرێت.”
ڕێبەری ئێران، بە ئاماژەدان بە دانوستانە ئەتۆمییەکانی سەردەمی سەرۆک کۆماری پێشوو، حەسەن ڕۆحانی، کە بووە هۆی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ناسراو بە “بەرجام”، گوتی: “ئەو هەڵەیەی لە بەرجامدا کرا و هەموو شتێکی وڵاتی بەستەوە بە پێشکەوتنی دانوستانەکانەوە، نابێت دووبارە بکرێتەوە، چونکە وڵات بەمەرج دەبێت و هەموو شتێک ولەوانەش وەبەرهێنان تا دیاربوونی ئەنجامی دانوستانەکان ڕادەگیرێت.”
ڕیبەری باڵای ئێران هەروەها گوتی: “هەڵگرتنی گەمارۆکان لە دەستی ئێمەدا نییە، بەڵام پووچەڵکردنەوەی گەمارۆکان لە دەسەڵاتی ئێمەدایە و بۆ ئەم کارە ڕێگای زۆر و توانای نێوخۆیی گونجاو هەیە، ئەگەر ئەم ئامانجە بەدی بێت، وڵات بەرانبەر بە گەمارۆکان پارێزراو دەبێت.”
سەبارەت بە دانوستانەکانی عومان، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی گوتی: “لە هەنگاوەکانی سەرەتادا بڕیاری وڵات بۆ دانوستان کاری باشی لەسەر کراوە، دوای ئەمەش دەبێت بە وردی بجوڵێینەوە، لە هەمان کاتدا هێڵە سوورەکان بۆ ئێمە و بۆ لایەنی بەرانبەریش بە تەواوی ڕوونن.”
عەلی خامنەیی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: “دانوستانەکان لەوانەیە بگەنە ئەنجام یان نا، ئێمەش نە زۆر گەشبینین و نە زۆر ڕەشبینین بەم گفتوگۆیانە، هەرچەندە سەبارەت بە لایەنی بەرانبەر زۆر ڕەشبینین ، بەڵام بە تواناکانی خۆمان گەشبینین.”

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی سوید لە عێراق دەکات

یاسین

وەزارەتی پەروەردەی سووریا ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی زمانی کوردی بخاتە پرۆگرامی خوێندنەوە

سەڵاح

سبەی دهۆک دەچێتە کەربەلا

یاسین